لە تورکیا لە هەفتەیەکدا نزیکەی سێ هەزار کەس دەستگیرکراوە

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی  474 کەس بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر ماڵی پەنابەرانی سووری ڕاگەیاند و ئاماژەشیداوە، لەهەفتەیەکدا زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەری نایاساییان لە تورکیا دەستگیرکردووە.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووتەوە، شەوی ڕابردوو لە هەندێک پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردەوەی ئاژاوەگێڕی و توندوتیژیی بەرانبەر بە پەنابەرانی سووری گیراوەتەبەر، بەڵام هێزەکانی خۆی تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریی توندوتیژیی لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا 474 کەسیان دەستگیر کردووە.

ڕاشیگەیاندووە، لە نێو دەستگیرکراواندا 285 کەس پێشینەیان هەبووە لە تاوانەکانی قاچاخچێتی کۆچبەران، ماددەی هۆشبەر، بریندارکردن و دزی.

هەر لە پەیامەکەیدا، یەرلیکایا داوای کردووە خەڵک کۆنترۆڵی هەڵچوونەکانیان بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەریی هیچ ڕووداوێک و دەست بۆ کاری توندوتیژی و نایاسایی نەبەن، چونکە حکوومەت لە ڕێگە دادگاکانەوە ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر.

ساڵانە هەڵکوتانە سەر ماڵی پەنابەرانی سووری لە تورکیا دووبارە دەبێتەوە و لە تازەترین ڕووداویشدا بە گوێرەی مێدیاکانی تورکیا، دانیشتووانی پارێزگای قەیسەری دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیر کردنی کەسێکی سووری بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان، خەڵکی پەلاماری ماڵ و موڵکی پەنابەرانیان دا.

هەر بەهۆی توندتیژییەکانەوە جیا لە سووتاندن و شێواندنی ژمارەیەک ماڵ و دوکانی پەنابەرانی سووری، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش تێکشکێندران و 10 پۆلیسیش بەهۆی نێوبژیوانییەوە بریندار بوون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لەهەفتەیەکدا زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەری نایاساییان لە تورکیا دەستگیرکردووە.

عەلی یەرلیکایا نووسیویەتی: لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی قەلغان کە تایبەتە بە دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی، لەماوەی هەفتەیەکدا 149 قاچاخچی و دوو هەزار و 563 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون. ئاماژەشیداوە، لە هەفتەیەکدا 100 ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان کردووە. لەو قاچاخچییانەی دەستگیرکراون، 42ـیان بەندکراون و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیشیان دەست پێکردووە.

 

Fly Erbil Advertisment