عێراق؛ خۆکوشتن زیادی کردووە
ڕێژەی خۆكوشتن لە عێراق زیادی کردووە و بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەكان، لەماوەی یەك مانگی ڕابردوودا تەنیا لە بەغدا 25 كەس خۆیان كوشتووە، دووانییان قوتابی قۆناغی ئامادەیین، لەگەڵ ئەفسەرێكی ئاسایش و كچێك. شارەزایان هەژاری، بێكاری و بێهیوایی لە داهاتوو بەهۆی ئەو خۆکوشتنانە دەزانن.
وڵاتێك كە جەنگ مێژووەکەی نووسیوەتەوە و سیاسەت و تایفەگەری لەبەریەکی هەڵوەشاندووە و بێکاریش قوڕقوڕاگەی گەنجەكانی گرتووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا 25 حاڵەتی خۆكوشتن لە بەغدا تۆمار كراون. پزیشکان و شارەزایان پێیان وایە، پەنابردن بۆ خۆكوشتن لە نێو گەنجان چەند هۆیەكی لە پشتەوەیە لەوانە کێشەی جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی، دیارترینیان هەژاری، بێكاری، نەبوونی هیوا بە گۆڕان بەرەو باشتر.
لەلایەکی دیکەوە ھودا عیزەدین، توێژەری کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە هۆی گشتی هەیە کە پەیوەندی بە قەیرانی ئابووری و بێکاری و شتی دیکەوە هەیە، بەڵام هۆی تایبەتیش هەیە، هەندێکیان پەیوەستن بە حاڵەتەکانی گرووپی ڕەشگیریی ئۆنلاین، کە هەندێک جار کچان و تەنانەت کوڕانیش هاندەدات بۆ خۆکوشتن، جگە لەوەش هۆی دیکەی پەیوەست بە لاوازی فەرهەنگی پاڵنەرە ئایینییەکان، ھەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرووپی قوربانی، دووبارە لە عێراق سەری هەڵدایەوە، کە بیرۆکەی خۆکوشتنە بە ئامانجی نزیكبوونەوە لە ئیمامی عەلی. لەماوەی ڕابردوودا چوار حاڵەتی خۆكوشتن لە ژێر ئایدۆلۆجیای ئەو گرووپە لە پارێزگای زیقار تۆمار كراون. كۆبوونەوە و ڕێورەسمەكانی ئەو گرووپە ترس و نیگەرانیی زۆری بۆ خەڵكی پارێزگا شیعەنشینەكانی باشووری عێراق دروست كردووە.
خۆکوشتن و کوشتن بەبیانووی جیاواز، ئەو ڕووداوانەن كە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا دووبارە دەبنەوە. وڵاتێک کە سیاسییەکانی سەرقاڵی چنگگیرکردنی زیاترن لە موڵک و ماڵ، دامەزراوەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندان و تیرۆریش وەک دیوەزمەی هەورێکی هەمیشەیی بە ئاسمانیدا دەسووڕێتەوە.