فراکسیۆنی پارتی: دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاسایی بوو بۆیە بایکۆتمان کرد

K24 – هەولێر:
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەی کرد کە تایبەت کرابوو بە دیاری کردنی بەرپرسی کارگێڕیی سنووری قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەندامێکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت: دانیشتنەکە نایاسایی بوو.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.
لەبارەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە کە دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە: تا دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ گۆڕانکاری لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان تاوەکوو یەکلایی بێتەوە لە دەسەڵاتی کێیە ئەو گۆڕانکارییانە بکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کرد: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.
ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال، خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف، عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە زۆرینەی دەنگ دیاری کرد.