عارف ڕوشدی: مەبەست لە کردەوەکانی پەکەکە لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان

عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت: لە دوای ساڵی 1991ـەوە یەکەم هێزی دژبەری هەرێمی کوردستان پەکەکە بووە، هەروەها جگە لە زیان پەکەکە هیچ سوودێکی بۆ هەرێمەکە نەبووە.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەگەر خوێندنەوە بۆ مێژووی پەکەکە بکەین سووتانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جێگەی سەرسوڕمان نابێت، پەکەکە لەوەتەی دروستبووە مەبەستی تێکدانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە.

ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسی پارتی پێی وایە، پەکەکە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە گوندنشینان ماڵەکانیان چۆل بکەن و کۆچ بکەن و دەڵێت: هەر ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت زیاتر لە 500 گوند ئاوەدان بکرێنەوە. هاوکات گوتی: مەبەست لە کردەوەکانی پەکەکە لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان.

جەختی لەوەش کردەوە، پەکەکە دەیەوێت پشێوی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران کاسبکاری هەرێمەکە بێ کار بن.

ناوبراو گوتیشی: پەکەکە هەوڵی داوە هەژموونی هەبێت بەسەر هەموو پارچەکانی کوردستاندا، لە کاتێکدا دەبوو لە پارچەی خۆیان کە کوردستانی تورکیاییە خەباتی خۆیان بکەن، بەڵام لەوێدا بستێک زەوییان لەبەر دەستدا نییە و هاتوون تەنیا هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.

عارف ڕوشدی، ئاماژەی بەوەش کرد، بێ ویژدانییە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان هەر کەس و لایەنێک هاوکاری پەکەکە بکات، لە دوای ساڵی 1991ـەوە یەکەم هێزی دژبەری هەرێم پەکەکە بووە، جگە لە زیان پەکەکە هیچ سوودێکی بۆ هەرێمەکە نەبووە.

باسی لەوەش کرد، پەکەکە نایشارێتەوە کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەرۆک بارزانی بڕیارێکی کوردانەی داوە کە بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناچێتە ململانێیەکی توندوتیژ لەگەڵ هیچ هێزێکی بەشەکانی دیکەی کوردستان و پێویستە ئەم هەڵوێستە جوانمێرانە بە هەند وەربگیرێت.

هاوکات داواکارە لە هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکەن چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە.

Fly Erbil Advertisment