لە 14 مانگدا فڕۆکەخانەی سلێمانی 10 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە

فڕۆکەخانەی سلێمانی
فڕۆکەخانەی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ توركیا 35%ـی گەشتەكانیان بەتەواوی وەستاوە و لەماوەی 14 مانگیشدا نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار تەنیا زیان بەر فڕۆكەخانەكە كەوتووە و رێژەی زیانەكانیش بەرزتر دەبێتەوە.

لە چوارچێوەى ئەرکى چاودێرێکردنى فڕۆکەخانەکانى عێراق لە لایەن لێژنەى گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، شاندى ئەو لێژنەیە سەردانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى کرد.

زوهرە بەجارى، سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زانیاریمان هەیە چی لەم فڕۆکەخانەیە ڕوویداوە، ئێمە یەکتر بینینمان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و وەزارەتی دەرەوە، هەروەها لەگەڵ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لەگەڵ لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشمان دەبێت لەناو پەرلەمان تایبەت بە فڕۆکەخانەی سلێمانی، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە هەموو عێراق.

ساڵێک زیاترە ئاسمانى تورکیا بە ڕووى ئەم فڕۆکەخانەکەدا داخراوە، بۆیە هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەکە دەڵێت: ئەو هۆکارە وایکردووە کە زیانە مادییەکان زۆربن بە جۆرێک 35%ـی گەشتەکانیان وەستاوە بەهۆی ڕاگیرانی گەشتی فڕۆکەخانەکە لەگەڵ تورکیا، هاوکات نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار زیان بە فڕۆکەخانە گەشتووە تەنها لە فڕۆکەخانە و  ئەو کۆمپانیانەی لەگەڵیدا کار دەکەن جگە لە گومرگ و بەشەکانی دیکەی تورکیاش قەدەغەى گەشتى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ وڵاتەکەى تا مانگى 12ـی ئەم ساڵ درێژ کردووەتەوە.

لای خۆیەوە کاروان یار وەیس، ئەندامى لیژنەى گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زیانەکان لەسەر پارێزگای سلێمانی زۆرترە چونکە ئێمە وڵاتی بەکار بەرین بەس هاوردە دەکەین، بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی تورکی زیانی کردووە لە ڕاستیدا چونکە ئێمە هیچ هەناردە ناکەین شت هاوردە دەکەین لە تورکیاوە.

هاوکات گوتیشی: ئەوەشی لێرەوە دەچێت بۆ تورکیا لەوێ پارە سەرف دەکات نەخۆشە، تەلەبەیە، گەشتیارە بە دڵنیاییەوە زیانەکان زۆرن، من بڕوام وایە زیانەکەان زیاتر بێت لە 10 ملیۆن دۆلار، جگە لە زیانە مادییەکان زیاتر زیانە مەعنەوییەکانە کە خەڵک ڕۆژانە زیان دەکات گەشتی دەبێت ناچارە ڕێی فڕۆکەخانەکانی ترەوە گەشت بکات.