ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە عێراقدا لە ژمارەی قوربانییانی شەڕی تیرۆر زیاترن

K24 – هەولێر:

پارێزگای بابل یەکێکە لەو پارێزگایانەی بەهۆی خراپی رێگەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە یاساکانەوە زۆرترین قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆی تێدا تۆماردەکرێت. شۆفێرانی بابل دەڵێن: نەبوونی ڕێگەی قیرتاوکراو لەگەڵ شۆفێریکردنی بەبێ مۆڵەت هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆن لە پارێزگاکە.

ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەسەرانسەری عێراق ترسێنەرن، هۆکاری ڕووداوەکانیش لە ناڕێکخراوی تۆڕی رێگەوبان و نەبوونی کۆتۆبەند لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، هەروەها کۆتایینەهێنان بە ئۆتۆمێلە مۆدێل کۆنەکان دەگەڕێنەوە. تەنانەت وای لێهاتووە قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە قوربانییانی تیرۆر زیاتربن.

بەشێک لە هاووڵاتییانی بابل دەڵێن: ڕووداوەکانی هاتوچۆ یەکێکن لە مەترسییە سەرەکییەکانی سەر تاک و کۆمەڵگەی عێراقی. لەزۆرینەی ساڵەکاندا قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ لە قوربانییانی ڕووداوەکانی دیکەی وەک پێکدادانی عەشائیریی و دیاردەی تیرۆر زیاترن. هۆکارەکەشی بریتییە لە خراپی رێگەوبانەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بەیاساکانی هاتوچۆ.

دەگوترێت شۆفێریی هونەر، حەز و ئەخلاقە، بەڵام ئەمڕۆ پێناسەی دیکەی هەیە چونکە زۆرینەی شۆفێرەکانی ئەمڕۆ مۆڵەتی شۆفێرییان نییە، هەندێکیشیان لەخوار تەمەنی یاساییەوەن. ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی پەیوەست بە شەقامەکانەوە ڕووداویان لێ دەکەوێتەوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن، ڕێگەکان پێویستییان بە چاودێریی و چاکسازی تێداکردنی بەردەوامە، لەگەڵ پێویستی چارەکردنی هەموو ئەو پرسانە دەبنە هۆکاری دروستبوونی ئاژاوە لەکاتی شۆفێریی و کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە ڕێگاکان.

Fly Erbil Advertisment