ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کودەتا دژی پێکەوەژیان و ڕێککەوتنی سیاسیی دەکات

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

لە دانیشتنێکی "نائاسایی"ـدا، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی دوو فراکسیۆنی سەرەکی ئەنجوومەنەکە و بەبێ ڕێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە، گۆڕانکاری لە 20 پۆستی سەرۆکی یەکە کارگێرییەکانی قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەکات.

ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا مووەحەدە کە ئەو دوو فراکسیۆنە خاوەنی 13 کورسی ئەنجوومەنەکەن، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە پۆستی حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بکات.

ئەو پۆستانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری تێدا کردووە بریتین لە قایمقامی شنگال، قایمقامی مەخمور، قایمقامی تەلەعفەر، قایمقامی تلكێف، قایمقامی حەزەر، قایمقامی حەمدانییە و قایمقامی بەعاج. هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکانی قەراج، باشیك، شۆرە، نەمرود، گەیارە، تەل، بەرتلە، سنونێ، عەیازییە، زوممار، وانكێ، رەبیعە و حەمام عەلیل.

هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل کە زۆرینەی ئەندامەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و حەشدی شەعبی نزیکن، بە کورسییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک و ئێزدییەکان خاوەنی 16 کورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و بەبێ گوێدانە ڕێککەونە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مافی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و سیاسییەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنەکان لە نوێنەرایەتیکردن لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکان، لە پشتەوەی ئەو پرۆسەیە بوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ کرا.

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دووپاتی کردەوە: دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پێشێلكارییەکی ڕوونە و پێچەوانەی ڕێكارە یاساییەكان بووە بۆ یەکلایی کردنەوە و دابەشکردنی پۆستەکان، هەروەها بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکان و ڕێککەوتنی پێشوەختە بڕیاردراوە.

ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کرد: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.

هاوکات غه‌زوان حامید داوودی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە: هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل پراكتیزه‌ی كارێكی نایاسایی كردووه‌ كاتێك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا دوورخستووه‌تەوە و ئەو هەنگاوەشی بە پاڵنه‌ری سیاسیی و تایه‌فیی وەسف کردووە کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به‌ عێراق ناكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ مافی خۆی ده‌زانێت خزمه‌ت بكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش په‌نا ده‌باته‌ به‌ر دادگا و ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بە فەرمانی کارگێڕی لە پارێزگاری نەینەوا دامەزراوه‌، پێش ئەوەی فەرمانێک لە لایەن پارێزگاری نەینەوایشه‌وه‌ دەربچێت، ئەرکەکانی به‌ جێ ناهێڵێت.

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی ڕایگەیاندووە: ئەوانەی پێیان وایە لە دەرەوەی یاسا و ماددە دەستوورییەکانی عێراق و دەرچوون لە ماددەی 140 دەتوانن پیلانگێڕی بکەن و فەرزی ئیرادە بەسەر مەخمور و قەراج بکەن، ئەوە جارێکی دیکە خەیاڵ خاو دەمێننەوە و هیچ هێزێک ناتوانێ بڕیاری نایاسایی و نادەستووریی جێ بەجێ بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، له‌ (9ـی تشرینی یه‌كه‌می 2020) ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ شاری به‌غدا ئیمزا کرا کە ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ش خاڵی له‌خۆگرتووه‌، كه‌ باس له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شنگال ده‌كات له‌ ڕووی كارگێری، ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌. له‌ خاڵی یه‌كه‌میش ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی قایمقامی نوێ بۆ شنگال ده‌كات.

ڕۆژی (3ـی ئابی 2014) تیرۆریستانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كه‌یان كرد. له‌و هێرشه‌دا، تیرۆریستانی داعش زیاتر له‌ 6500 ئافره‌ت و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و زیاتر له‌ 350 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون. هه‌روه‌ها نزیکەی 2500 ئێزدیش تاوەكوو ئێستا بێسه‌روشوێنن. دوای ئەوەش لە (13ـی تشرینی دووه‌می 2015)، له‌ ئۆپراسیۆنێكی هێزه‌كانی پێشه‌مه‌رگه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، شنگال له‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش ئازادكرا.

دوای ئەوەی لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، ڕۆژی (28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023)، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نەینەوای ڕاگه‌یاند‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌نگه‌كان بریتی بووه‌ له‌ 906 هه‌زار و 294 ده‌نگ و به‌سه‌ر 29 كورسیدا دابه‌ش کران، 19 كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كانە.

هەروەها ڕۆژی (5ـی شوباتی 2024)، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بەکۆی دەنگ هەر یەکە لە عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و محەمەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردران. دواتریش سیروان ڕۆژبەیانی بە جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.