وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی پەکەکەوە ڕایدەگەیەنێت، په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی. هاوکات داوا دەکات خەڵکی سڤیل لە مەترسییەکان پارێزراو بن.

سێشەممە (2ـی تەمموزی 2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، پەکەکە بووەتە جێگەی نیگەرانی. ئاماژەی بەوەشدا، داوا دەکات خەڵكی سڤیل لە مەترسییەکان پارێزراوبن.

ئەمەش لەکاتێکدایە دووشەممە (1ـی تەمموزی 2024) میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق  لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

وەکو ئەوەی میقداد میری ڕوونی کردەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردوویانن، دەرکەوتووە، ئامانجی ئەو کەسانە لە سووتاندنی  بازاڕی قەیسەریی کەرکووک، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی لەنگەی هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک و چەندین شوێنی دیکە لە هەرێمی کوردستان؛ لاوازکردنی ئابووریی ئەو پارێزگایانە بووە، چونکە ئاگرەکان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوورییان هەبووە؛ هەروەها ئامانجێکی دیکە، تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی، "تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکاندا ناوە و پلانیان دانابوو لە ماوەی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر چەندین شوێنی دیکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەروەها چەندین شوێن لە وڵاتانی دراوسێ؛ بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر، توانییان پلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە".

Fly Erbil Advertisment