سوپاسالاری ئیسرائیل: زیاتر لە 900 چەکداریان لە شاری ڕەفەح کوشتووە

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایەگەیاند، تا ئێستە زیاتر لە 900 چەکداریان لە شاری رەفەح کوشتووە، کە چەندین ئەندام و فەرماندەیەکی بەتالیۆنی لیوای ڕەفەحیش لەڕیزی کوژراوەکانن.

هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، ئامانجیان لەناوبردنی ژێرخانی ڕەفەحە و تا ئەو کارە تەواو نەکەن لە شارەکە دەمێننەوە.

دەشڵێت، "ئێمە ژمارەی لیوای ڕەفەح دەژمێرین بەگوێرەی ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان و ژمارە دروست ناکەم، زیاتر لە 900 تیرۆرست بە فەرماندەکانیشەوە و بەلایەنی کەم فەرماندەیەکی بەتالیۆن و چەندین ئەندام کوژراون"

هەروەها هەوڵەکانی ئێستە و هۆکاری کارکردنمان لێرە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەر زەوی و ژێر زەوییە، ئەمەش پێویستی بە کاتە. بۆیە ئەمە هەڵمەتێکی درێژخایەنە، چونکە نامانەوێت ڕەفەح ژێرخانی بمێنێت.

لایخۆیەوە سیگرید کاگ، هەماهەنگکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کەرتی غەززە دەڵێت، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە شەشی ئایار، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس جارێکی دیکە ئاوارەبوونە و بەدوای پەناگە و سەلامەتیدا دەگەڕێن. ئێستە ملیۆنێک و 900 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوونە، هەروەها نیگەرانم لەبارەی فەرمانی نوێ بۆ چۆڵکردنی ناوچەی خان یونس، بەقووڵی کاریگەری لەسەر دانیشتووان دەبێت، هیچ شوێنێک لە غەززە سەلامەت نییە.

ئاماژەی بەوەش دا، گرنگیپێدانی تایبەت بۆ ئەو 17 هەزار منداڵە پێویستە کە تەنیا بەهۆی ئەو جەنگەوە بێنازبوون، لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندی و ژیان بۆ خەڵک، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەستی خۆمان بۆ ئەو کەسانە درێژبکەین بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.

کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له‌ به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌.

هەروەها کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین ڕایگه‌یاند‌، تا ئێسته‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا نزیكه‌ی 10 هەزار كه‌س كه‌ نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه‌.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.