بەشێک لە دوکاندارەکانی قەیسەری هەولێر سکاڵایان تۆمارکرد

بەشێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری هەولێر لە بنکەی پۆلیسی خانەقا سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمەتبارانی سووتێنەری بازاڕەکە تۆمارکرد.
دوکاندارێکی سکاڵاکار بۆ کوردستان24 گوتی "هاتووین سکاڵای خۆمان تۆمارکردووە و داوامانوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵیش ڕێکاری توند لە دژی تاوانباران بگرێتەبەر، بەهۆی خراپی باری داراییەوە داواکارین قەرەبوو بکرێینەوە.
هەروەها سوپاسی بنکەی پۆلیسی خانەقای هەولێریشی کرد و گوتیشی: داوا لە دوکاندارەکانی دیکەش دەکەم بێن و لەم بنکەیە سکاڵای خۆیان تۆماربکەن.
دوکاندارێکی دیکەش گوتی: هاوکاریی و کارئاسانی بنکەی پۆلیسی خانەقا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی سووتێنەرانی بازاڕی قەیسەری زۆر هاوکاری ئێمەی دوکاندارانیان کرد، چاومان لەوەیە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوەکان جددی بگرنەبەر بۆ سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان.
دوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی لە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک لە دووشەممە 1ی تەممووزی 2024، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، سێ لە تۆمەتبارانی سووتێنەری بازاڕەکان کە دەستگیرکرابوون، ئاشکرا کران، هەربۆیە هێمن میرانی سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا داوای لە زیانلێکەوتووان کرد سەردانی نزیکترین بنکەی پۆلیس یان دادگاکان بکەن سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.
تۆڕەی دەستگیرکراون سەر بە پەکەکە بوون سەرەڕای ڕووداوەکانی ئەمساڵ، پەیوەندییان هەیە بە سووتاندنی بازاڕەکانی لەنگەی هەولێر، بازاڕی قەیسەری هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک، بازاڕی قەیسەری کەرکووک و چەند بازاڕێکی دیکە لە ساڵانی 2022 و 2023.
هەر بەگوێرەی دانپێدانانەکانیان بەنیازبوون بازاڕی زیاتر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بسووتێنن.