خەڵکی تورکیا پەنابەرانی سووری بە سەرچاوەی قەیرانەکان دەزانن

خەڵکی تورکیا پەنابەرانی سووری لە وڵاتەکەیان بە سەرچاوەی کێشە و قەیرانەکان دەزانن، بە تایبەت ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەرۆکیانی گرتووەتەوە و دەڵێن، "بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی قەیرانی ئابووری و بێکاری چارە دەبێت".

لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا، بە هۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی شەش ساڵان، گرژیی وئاڵۆزییەکان لە نیوان پەنابەرە سوورییەکان و تورکەکان زیاتر بووە و پرسی ناردنەوەی پەنابەرانیش گەرمتر بووە. هاووڵاتیانی تورکیا، بەشیکی کێشەکانیان وبە تایبەتیش قەیرانی ئابووری بۆ هاتنی سووریاییەکان دەگەڕێننەوە و دەڵێن بە گەڕاندنەوەی ئەوان قەیرانی ئابووری و بێکاریی چارە دەبێت.

کێشەی پەنابەرانی سووریایی، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری تورکیا بووەتە ڕۆژەڤی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەردەوام داوای گەڕانەوەیان بۆ سووریا دەکەن، سەرهەڵدانی کێشەی نێوان پەنابەرانی سووریایی و هاووڵاتییانی تورک بە هۆی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵێکی شەش ساڵان لە پارێزگای قەیسەری دیسان بابەتی گەڕاندنەوەی سوورییەکانی لە تورکیا زیندووکردوەتەوە، بیانوو بۆ گەڕاندوەشیان زۆرە لەوانەش خراپ بوونی دۆخی ئابووریی تورکیا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری.

چۆجووک، کرێکارێکی تورکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بیانییەکان بەبێ مۆڵەت کاردەکەن، ئەمەش کاریگەری لە سەر ئێمە داناوە و بەگشتی سووریایی و ئەفغانییەکان. بچۆ شوێنی دروستکردنی مۆبیلیاتەکان جگە لە خاوەن کار، هەموویان بیانینن، شوێن هەیە 40 کارمەندی هەیە هەموویان سووریاین، ئەگەر ئەوان بڕۆن بارودۆخی ئێمەش باش دەبێت".

فاتیح ئەردینچ، ڕۆژنامەنووس و کۆمەڵناس دەڵێت: "هیچ کەس حەز ناکات یارمەتی کەسێک نەدات کە لە وڵاتەکەی شەڕی تێدایە، ئابووری ئێمەش باش نیە، خەڵکی بیانی ئەگەر بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان لە تورکیا بێکاری کەم دەبێتەوە، كرێی خانووش دادەبەزێت، لە ڕاستیدا ئێمەش میللەتێکین کە چاومان بە بیانییەکان دەکەوێت یەکسەر نرخەکان بەرز دەکەینەوە و لەمەش هاووڵاتیانی خۆشمان زیانیان بەردەکەوێت".

پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کاتێکدایە کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سوورن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و هەنگاوی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە لایەن هەردوو وڵاتەوە دەستی پێ کردووە. بەڵام کێشەی پەنابەرە سوورییەکان خەریکە هەنگاوەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان بە لایەکی دیکەدا دەبات.

خەدیجە یڵدز، کە هاووڵاتییەکی تورکە و باس لەوە دەکات، "بیانییەکان بە کەیفی خۆیان ڕوویان لەم وڵاتە کردووە کێشە دروست دەکەن. لە بیناکەی ئێمەدا نیوەی زیاتری بیانین، من ئەمانە دەبینم تووڕە دەبم، کەسانی بە ئەتەکێتیش هەن و ناتوانین هەموویان بخەینە تای تەرازوویەک".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران، توندوتیژی بەرامبەر بە پەنابەرانی سووریایی لە تورکیا دەکرێت، ئاماژە بەوەش دەکەن، کاتێک هەڵاوسانی ئابووری و قەیرانی دارایی کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی تورکیا زیاتر بووە توندوتیژییەکانیش بەرامبەر بە پەنابەران بە تایبەتیش سوورییەکان زیاتر دەبێت.