سەرۆکایەتیی شارەوانی: بەخێوکردنی ئاژەڵ لە ناو هەولێر قەدەغەیە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و ڕایدەگەیەنێت لە پێناو ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکان و پاک و خاوێنی سیمای شار، بەخێوکردنی ئاژەڵان لە ناو شاری هەولێر قەدەغەیە و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە "بە ئامانجی پاک و خاوێنی ژینگە و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی نەخۆشیە گوزارەوەکان و دەرخستنی سیمایەکی جوان، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵسان بە لادانی چەند شوێنێکی بەخێوکردنی ئاژەڵان".
هەروەها ڕاشیگەیاندووە "لە هەڵمەتێکی ڕێکخراودا لە هەشتی حەسارۆک و چەند شوێنێکی دیکە بەدواداچوون بۆ بەخێوکردنی شوێنی ئاژەڵداران کراوە و هەموو ئەو شوێنانەی ئاژەڵداری تێدا دەکرێت لادەدرێن و دوای ئاگادارکردنەوەیان لە کاتی پابەند نەبوونیان، ئاژەڵ و کەل و پەلەکانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت".
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە، سەرکار سوورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگە تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوونی لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند کە کە هەردووکیان گۆشتفرۆشن، یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە و ئەوی تریان تەمەنی 28 ساڵە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارە دەکرێن. جیا لەم دوو حاڵەتەی لە هەولێر تۆمارکراوە، دوو حاڵەتی دیکە لە پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.