لێژنەی تەكنیكی عێراق و توركیا چەند پرسێکی پەیوەست بە ڕێککەوتنی ئاو گفتوگۆ دەکەن

دووەم كۆبونەوەی لیژنەی تەكنیكی عێراق و توركیا بۆ دۆسیەی ئاو لە بەغدا
دووەم كۆبونەوەی لیژنەی تەكنیكی عێراق و توركیا بۆ دۆسیەی ئاو لە بەغدا

لە دووەم كۆبونەوەی لیژنەی تەكنیكی عێراق و توركیا بۆ دۆسیەی ئاو لە بەغدا، دۆسیەی پەیوەست بەئاو و پڕۆژەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆکران ، هاوکات  دووپات لەوە کرایەوە ئەو پڕۆژانەی كە پێشنیاركراون لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە، لە لایەن كۆمپانیا توركییەكانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق جیبەجێبكرێن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، تیمێکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە دووەمین كۆبونەوەی لێژنەی تەكنیكی عێراق و توركیا تایبەت بە دۆسیەی ئاو لە بەغدا کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەرێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو، هەروەها بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو بە نوێنەرایەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە یەكەم كۆبونەوەی ئەو لێژنەیە کرد دوای ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی چوارچێوەیی لە نێوان سەرۆكی توركیاو سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، لە لایەن عێراقەوە وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق عۆن زیاب و بریكاری تەكنیكی وەزارەت وەك سەرۆكی لیژنەكە سەرپەرشتی كۆبونەوەكەیان كرد ، لە لایەن توركیاش باڵوێز بیریس ئاكەنجی، کە پلەی بریكاری وەزیری دەرەوەی تورکیاشی هەیە، بەشداریی کۆبوونەوەکە بوون.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە كۆبونەوەكەدا چەندین دۆسیەی پەیوەست بەئاو و پڕۆژەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆ کران، هاوکات ئەو پڕۆژانەی كە پێشنیازكراون لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە، لە لایەن كۆمپانیا توركییەكانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق لە بواری دروستكردنی بەنداوی كۆكردنەوەی باراناو و( 4) بەنداوی كارۆئاوی گەورە و پڕۆژەی ئاودێری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بکرێن، وەك یەكێك لە بڕگە سەرەكیەكانی كۆبونەوەكە باسكران بۆ پەلەكردن لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە شیكرانەوە.

لەسەر بابەتی دابینكردنی پێویستیە ئاوییەكانی عێراقیش، هەردوو لا جەختیان لە لێكتێگەیشتن و دیدی هاوبەشكردەوە، بەڕەچاوكردنی چاكسازیی لە ئیدارەدان و بەكارهێنانی زانستیی و كەمكردنەوەی بە فیڕۆدان و ئامادەسازیی بۆ گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا و ئاڵوگۆڕی داتاکان.

Fly Erbil Advertisment