پارتی کرێکاران لە بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا

ئەمڕۆ هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دانی بە شکستی پارتی پارێزگاراندا نا، لە هەڵبژاردنی بەریتانیا و گوتی: من شکستەکە لە ئەستۆ دەگرم.

دوێنێ پێنجشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنا و کۆتایی بە 14 ساڵ فەرمانڕەوایی پارتی پارێزگاران هێنا، هەروەها دەرگاکانی داونینگ ستریتی بەڕووی سەرۆکەکەیدا، کییەر ستارمەر، کردەوە.

سوناک دەڵێت: "پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەی یاساداناندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمشەو گەلی بەریتانیا بڕیارێکی ڕوونی دەرکرد و من بەرپرسیارێتی ئەو شکستە لە ئەستۆ دەگرم".

کەناڵی ئای تی ڤی بڵاویکردەوە، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە بەریتانیا تا 326 کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا زۆرینەی لە ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان هەیە کە لە 650 کورسی پێکهاتووە.

ئەم ئەنجامە دەرگایەکی فراوان بۆ پارتی کرێکاران دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، لە کاتێکدا شکستێکی گەورەی تووشی پارتی پارێزگاران کرد، کە پشکەکەیان لە 365 کورسی کەمبووەوە بۆ 131 کورسی.

جێگای سەرنجە کە جێرمی هانت وەزیری دارایی بەریتانیاش کورسی خۆی لە ئەنجوومەنەکەدا پاراست و سوێلا براڤەرمان وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیاش کورسییەکەی لە پارتی پارێزگاران پاراست.

لای خۆیەوە کییەر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکاری بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەنگی بە گۆڕانکاریدا، هەروەها کاتی ئەوە هاتووە پارتەکەی بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ستارمەر لە وتارێکدا دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە بازنەی هەڵبژاردنی باکووری لەندەن، گوتی: "ئەمشەو خەڵک لێرە و لە سەرانسەری وڵات قسەی خۆیان هەبووە، و ئامادەن گۆڕانکاری لێرەوە دەستپێبکات".

جەختیشی کردەوە، "دەنگدەران لێرە و لە سەرانسەری وڵات قسەی خۆیان کردووە و ئامادەن بۆ گۆڕانکاری، بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی نمایشکاری، و گەڕانەوە بۆ سیاسەت وەک خزمەتێک بۆ خەڵک."

Fly Erbil Advertisment