گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دەستی پێ کرد

عەلی خامنەیی لەکاتی دەنگدان لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران.
عەلی خامنەیی لەکاتی دەنگدان لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران.

ئەمڕۆ هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە، کە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران بگرنەوە.

لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بنکەکانی دەنگدان، ڕێبەری ئێران عەلی خامنەیی لە یەکێک لەبنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 8ـی بەیانی دەنگیدا.

دوێنێ پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کۆتایی هات و ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە ژمارە 22 و سەعید جەلیلی بە ژمارە 44  ڕۆژی هەینی کێبڕکێی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 117ـی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکان ژمارە 2764 لە 26ی تەممووزی 1985، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەدەچێت و لەم گەڕەدا تاکە پێوەری سەرکەوتن، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکە دەبێت.

ناوەندەکە بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی هەینی، لە دایکبووانی 6ی تەممووزی 2006 و هەموو ئەوانەی لە 18 ساڵەوە بەرەوژوورن دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن بەو مەرجەی هەڵگری ناسنامەی ئێران بن.

پرۆسەی دەنگدانەکە تاوەکوو شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، کێبڕکێکە لە نێوان مەسعوود پزیشکیان کاندیدی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی کاندیدی بناژۆخوازەکان دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لە چوار کاندید ئەم دووانەیان هەرچەندە دەنگی زۆرینەیان هێنا بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگی هیچ کامێکیان نەگەیشتە 1+50% پرۆسەکە چووە گەڕی دووەم ، بەڵام  ئەمڕۆ هەر کامێکیان دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

Fly Erbil Advertisment