محەممەد کازم ئال سادق: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری ئێران له‌م گه‌ڕه‌دا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌

محەممەد کازم ئال سادق
محەممەد کازم ئال سادق

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق پێشبینی ده‌كات پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری ئێران له‌م گه‌ڕه‌دا كۆتایی پێ بێت و ئێرانییه‌كان سه‌رۆكی نوێیان هه‌ڵبژێرن.

ڕۆژی هه‌ینی 5ـی ته‌ممووزی 2024، محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، هاووڵاتییانی ئێرانی له‌ به‌غدا هاوشێوه‌ی گه‌ڕی ڕابردوو، به‌شدارییه‌كی باش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن.

محەممەد کازم ئال سادق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مڕۆ پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هاووڵاتییانی ئێرانی به‌شدارییه‌كی زۆریان له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌یه‌.

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق  گوتیشی، چاوه‌ڕوانی بڕیاره‌كانی سه‌رووی خۆیان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی كاتی ده‌نگدان له‌ بنكه‌كان.

ڕۆژی هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە، کە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران بگرنەوە.

پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کۆتایی هات و ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە ژمارە 22 و سەعید جەلیلی بە ژمارە 44  ڕۆژی هەینی کێبڕکێی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بنکەکانی دەنگدان، ڕێبەری ئێران عەلی خامنەیی لە یەکێک لەبنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 8ـی بەیانی دەنگی دا.

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 117ـی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکان ژمارە 2764 لە 26ی تەممووزی 1985، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەدەچێت و لەم گەڕەدا تاکە پێوەری سەرکەوتن، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکە دەبێت.

ناوەندەکە بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی هەینی، لە دایکبووانی 6ی تەممووزی 2006 و هەموو ئەوانەی لە 18 ساڵەوە بەرەوژوورن دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن بەو مەرجەی هەڵگری ناسنامەی ئێران بن.

پرۆسەی دەنگدانەکە تاوەکوو شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، کێبڕکێکە لە نێوان مەسعوود پزیشکیان کاندیدی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی کاندیدی بناژۆخوازەکان دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لە چوار کاندید ئەم دووانەیان هەرچەندە دەنگی زۆرینەیان هێنا بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگی هیچ کامێکیان نەگەیشتە 1+50% پرۆسەکە چووە گەڕی دووەم ، بەڵام  ئەمڕۆ هەر کامێکیان دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران.

Fly Erbil Advertisment