سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی بەریتانیا دەکات

هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا
هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە کییەر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەکات.

ڕۆژی (5ـی تەمموزی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پیرۆزبایی لە کییەر ستارمەر کرد، بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە: "بەڕێز کییەر ستارمەر؛ پیرۆزباییتان لێدەکەم بە هەڵبژاردنتان وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ ئێوە بۆ بەردەوام بوون لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا".

ڕۆژی (4ـی تەمموزی 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنا و کۆتایی بە 14 ساڵ فەرمانڕەوایی پارتی پارێزگاران هێنا، هەروەها دەرگاکانی داونینگ ستریتی بەڕووی سەرۆکەکەیدا، کییەر ستارمەر، کردەوە.

بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە، پارتی کرێکارانی بەریتانیا بووە خاوەنی 412 کورسی کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیای بەدەستهێنا، پارتی پارێزگارانیش ژمارەی کورسییەکانی بۆ 121 کورسی کەمکردەوە.

Fly Erbil Advertisment