ڕاوێژکارە تایبەتەکەی بەشار ئەسەد بە ڕووداوی هاتووچۆ مرد

لونا شبل
لونا شبل

K24 – هەولێر:

لونا شبل، ڕاگەیاندنکاری دیاری سووری و ڕاوێژکاری تایبەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕووداوێکی هاتووچۆ برینداربوو، ئەمڕۆ هەینی هەواڵی مردنی ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی (5ـی تەمموزی 2024) سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، هەواڵی مردنی لونا شبل، بەڕێوەبەری نووسینگەی سیاسیی و ڕاگەیاندنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریای ڕاگەیاند کە پێش چەند ڕۆژێک لە ڕووداوێکی هاتووچۆ برینداربوو.

ڕۆژی (3ـی تەمموزی 2024) میدیاکانی سووریا هەواڵی برینداربوونی لونا شبلیان بڵاوکردەوە کە لەسەر یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی دیمەشق تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بووە و لە ئەنجامدا دووچاری خوێنبەربوونی مێشک بووە.

لونا شبل لە ساڵی 1975 لە شاری سوەیدا لەدایکبووە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بوو لە پسپۆڕی ڕاگەیاندن و دوای چەند ساڵێک کارکردن لە میدیای وڵاتەکەی لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە کەناڵی جەزیرەی قەتەرییەوە کرد.

لە ساڵی 2010 لونا شبل بەهۆی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی و سیاسەتی کەناڵی جەزیرە بەرامبەر ئەو پرسە، دەست لەکارکێشانەوەی لەو کەناڵە ڕاگەیاند و دوای ماوەیەکیش بەشار ئەسەد وەک ڕاوێژکاری تایبەتی خۆی، مەڕسوومی کۆماری بۆ دەرکرد.

لە ساڵی 2020، لونا شبل یەکێک بوو لەو کەسایەتییە سوورییانەی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکییەوە سزایان بەسەر سەپێندرا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014 ئەندامی شاندی حکوومەتی سووریا بوو بۆ گفتوگۆکانی ژنێڤ.