هەڵەکانی بایدن بەردەوامە؛ ئەمجارە دەڵێت: من یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستم

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

بەردەوامی هەڵە زمانەوانی و ڕەفتارنواندنە نامۆکانی، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، وایکردووە لە میدیاکانی وڵاتەکەی و جیهان قسە و باس لەسەر کشانەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن لە بەرامبەر تڕەمپ زیاتر بێت.

لە نوێترین هەڵەی زمانەوانی جۆ بایدن، ئەمجارە دەڵێت: "من یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستم لەگەڵ سەرۆکێکی ڕەشپێست خزمەتی کردبێت". ئەمەش لە کاتێکدا بایدن مەبەستی کارکردنێتی وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما، کە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەمەریکا بوو.

ئەم هەڵەیەی بایدن لەمیانی بەشداریکردنی بوو لە دیدارێکی ڕادیۆی وورد لە فلادلفیا لە چوارچێوەی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی خوولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بایدن لەو دیدارە گوتی: "من شانازی دەکەم هەروەکوو گوتم، کە یەکەم جێگری سەرۆکم، یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستم کە لەگەڵ سەرۆکێکی ڕەشپێست کارم کردووە، هەروەها من یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستم لە دادگای باڵا دامەزراندووە کە ئەویش کیتانجی بڕاون جاکسنە، یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستیشم کرد بە جێگری سەرۆک کە کامیلا هاریسە".

بەهۆی بەردەوامی هەڵەکانی بایدن، لە نێوخۆی دیموکراتەکان دیبەتێک دروست بووە لەسەر پێویستی هەڵبژاردنی کاندیدایەکی دیکە لە شوێنی بایدن بۆ ئەوەی بتوانێت بەهێزترەوە ڕکابەری تڕەمپ بکات.