لە کەرکووک بنکەیەکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە

K24 – هەولێر:
لە کەرکووک بنکەیەکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە، و ئەو هاووڵاتییانەی لەو شارە کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن لە بنکەکە دەنگ بدەن.
ڕۆژی (5ـی تەمموزی 2024) عەلی بەیاتی، ئەندامی نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە پارێزگای کەرکووک بنکەیەکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە.
عەلی بەیاتی گووتیشی، سەرجەم ئەو کەسانەی لە پارێزگای کەرکووک نیشتەجێن و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لەو بنکەیە دەنگدەدەن..
بەپێی مەڕسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی، وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستیان بە زیاتر لە 42 هەزار کارمەند هەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.