مەسعود پزیشکیان بە سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا

ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.
بە گوێرە ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا %49.8 بووە و ئاژانسی ئیرنا بڵاویان کردووتەوە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.
هەروەها سەعید جەلیلی لە بەرەی نەریتخوازەکان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری توانیویەتی 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ بێنێت.
مەسعود پزیشکیان، کێیە؟
29ـی ئەیلوولی 1954 لە مەهاباد لەدایکبووە.
دایکی کوردە و باوکی ئازەرییە.
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە.
2001 – 2005 وەزیری تەندروستی بووە.
پێنج خول لەسەر یەک پەرلەمانتار بووە.
2016 – 2020 جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە.
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە 28ی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی %30 بوو. کێبڕکێ لە نێوان چوار کاندیدا بوو کە هەر یەک لە سەعید جەلیلی و محەممەد باقر قالیباف کاندیدانی ڕەوتی نەریتخوازەکان بوون و تاکە کاندیدای ڕیفۆرمخوازەکانیش مەسعود پزیشکیان بوو. هەروەها مستەفا پوورمحەممەدی لە نێوان هەردوو ڕەوتەکەدا خۆی یەکلایی نەکردبووەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ یەکێک لە کاندیداکان نەیانتوانی بەربەستی یاسایی %50+1 تێپەڕێنن، بۆیە هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەم و کێبڕکێی لە نێوان پزیشکیان و جەلیلی مایەوە.
ئەنجامی بەرایی گەڕی یەکەم بەم شێوەیە:
مەسعود پزیشکیان %42
10 ملیۆن و 415 و 991 دەنگ
سەعید جەلیلی %39
9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ
محەممەدباقری قالیباف %14
3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگ
مستەفا پوورمحەممەدی %1
206 هەزار و 397 دەنگ
چواردەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، سێهەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەیە ئەمیش بەهۆی بەهۆی گیانسپاردنی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی بوو کە ڕۆژی 15ی ئایاری 2024 لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە سنووری پارێزگای تەورێز لەگەڵ هەشت لە سەرنشینانی دیکەی نێو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان سپارد.
مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران:
یەکەم خولی هەڵبژاردن
25ی کانوونی دوومی 1980
ئەبولحەسەن بەنی سەدر
ماوەی سەرۆکایەتی 17 مانگ
دووەم خولی هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی پێشوەختە
27ی تەممووزی 1981
محەممەد عەلی ڕەجایی
ماوەی سەرۆکایەتی یەک مانگ
سێیەم خولی هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی پێشوەختە
2ی تشرینی یەکەمی 1981
عەلی ئەکبەر خامنەیی
چوارەم خولی هەڵبژاردن
16ی ئابی 1985
عەلی ئەکبەر خامنەیی
ماوەی سەرۆکایەتی هەشت ساڵ
پێنجەمین خولی هەڵبژاردن
28ی تەممووزی 1989
ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی
شەشەمین خولی هەڵبژاردن
11ی حوزەیرانی 1993
ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی
ماوەی سەرۆکایەتی هەشت ساڵ
حەوتەمین خولی هەڵبژاردن
23ی ئایاری 1997
محەممەد خاتەمی
هەشتەمین خولی هەڵبژاردن
9ی ئاداری 2002
محەممەد خاتەمی
ماوەی سەرۆکایەتی هەشت ساڵ
نۆیەم خولی هەڵبژاردن
24ی حوزەیرانی 2005
مەحموود ئەحمەدی نەژاد
دەیەمین خولی هەڵبژاردن
12ی حوزەیرانی 2009
مەحموود ئەحمەدی نەژاد
ماوەی سەرۆکایەتی هەشت ساڵ
یازدەهەمین خولی هەڵبژاردن
14ی حوزەیرانی 2013
حەسەن ڕوحانی
دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردن
19ی ئایاری 2017
حەسەن ڕوحانی
ماوەی سەرۆکایەتی هەشت ساڵ
سێزدەهەمین هەڵبژاردن
18ی حوزەیرانی 2021
ئیبراهیم ڕەئیسی
ماوەی سەرۆکایەتی دوو ساڵ و 11 مانگ
چواردەهەمین خولی هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی پێشوەختە
مەسعود پزیشکیان
5ی تەممووزی 2024