ناتانیاهۆ: هەرکەسێک زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت لەناوی دەبەین

بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرش و هەڕەشەکانی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، هەر کەسێك زیان بە ئیسرائیل بگەینێت لێی دەدەن و لەناوی دەبەن.

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە ئاسایشی باکووری ئیسرائیل بەرقەرار دەکەن و هاووڵاتییان دەگەڕێننەوە بۆ ماڵ و حاڵیان.

گوتیشی، "لەگەڵ هەڵمەتی سەختی دژی لوبنان بنەمایەکمان دروست کرد، هەر کەسێک زیانمان پێبگەینێت دەیکوژین و کردوومانە بە کردار. دەزانین ڕێگەیەکی زۆر ماوە بیبڕین، بەڵام ڕژدین لەسەر ئەوەی ئاسایش بۆ باکوور بگەڕێنینەوە و دانیشتووان بە سەلامەتی بگەڕێنینەوە".

لای خۆیەوە سیگرید کاگ، هەماهەنگکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کەرتی غەززە دەڵێت، "دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە شەشی ئایار، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس جارێکی دیکە ئاوارەبوونە و بەدوای پەناگە و سەلامەتیدا دەگەڕێن. ئێستە ملیۆنێک و 900 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوونە، هەروەها نیگەرانم لەبارەی فەرمانی نوێ بۆ چۆڵکردنی ناوچەی خان یونس، بە قووڵی کاریگەری لەسەر دانیشتووان دەبێت، هیچ شوێنێک لە غەززە سەلامەت نییە".

ئاماژەی بەوەش دا، بایەخپێدانی تایبەت بۆ ئەو 17 هەزار منداڵە پێویستە کە تەنیا بەهۆی ئەو جەنگەوە بێنازبوون، لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندی و ژیان بۆ خەڵک، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەستی خۆمان بۆ ئەو کەسانە درێژبکەین بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.

کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له‌ به‌رده‌وامیی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌.

هەروەها کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین ڕایگه‌یاند‌، تا ئێسته‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا نزیكه‌ی 10 هەزار كه‌س كه‌ نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه‌.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات، 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment