سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕوواندا هەڵدەوەشێنێتەوە

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا

سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا یەکەمین هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناردنی پەنابەران بۆ ڕوواندا دەگرێتە بەر. بەرپرسێکی پارتەکەیشی دەڵێت، بڕیارەکە لە بنەڕەتدا "هەڵە بوو".

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەتەکەی کییەر ستارمەر و پارتی کرێکارانەوە بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەم زووانە یەکەمین هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا دەگرێتەبەر.

تەلەگراف ئەوەشی ئاشکرا کردووە، حکوومەتەکەی کییەر ستارمەر ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا بە هەڵە ناو دەبات و ڕێگریی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات.

ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا پرۆژەیی پارتی پارێزگاران بوو، حکوومەتی بەریتانیا لە مانگی چواری 2022 لەگەڵ ڕوواندا بۆ ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە ڕێک کەوتبوو، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا و سەرۆکوەزیرانی نوێ لەلایەن شا چارڵزی سێیەم ڕاسپێردرا کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت.

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەنگیان بە گۆڕان گشتیی داوە، بۆ نوێکردنەوەی نیشتمانی و گەڕانەوەی سیاسەت بۆ خزمەتگوزاری گشتی. گومانتان نەبێت گۆڕانەکان یەکسەر دەست پێ دەکەن و بەریتانیا بنیات دەنێینەوە، سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی دەگەڕێنینەوە سەر پێیەکانی و سنوورەکان دەپارێزین."