لە دوو ڕۆژدا 47 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگار کران

کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی تورکیا (وێنە - ئەرشیف)
کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی تورکیا (وێنە - ئەرشیف)

لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیری ڕۆژئاوای تورکیا، لە دوو ڕۆژدا 47 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگارکران و ژمارەیەکی دیکەش دەستگیر کران.

هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، توانیویانە 15 کۆچبەری نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە مەترسی نقوم بوون و خنکان ڕزگار بکەن.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانەی ڕزگارکراون، لەلایەن پاسەوانی دەریایی یۆنانەوە بەزۆر ناچار بە گەڕانەوە کراون بەرەو سنوورەکانی تورکیا.

هەروەها پۆلیسی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە ناوچەی چەشمەی ئیزمیر 10 کۆچبەری نایاساییان دەستگیر کردووە کە دووانیان منداڵن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی هەر لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی دەریایی تورکیاوە 32 کۆچبەری دیکەی ناسایایی لە نێو بەلەمێکی پلاستیکیی ڕزگارکران، پاش ئەوەی لەلایەن هێزی دەریایی یۆنانەوە ڕێگەی دەربازبوونیان پێ نەدرابوو.

هێزی دەریایی تورکیا ڕایگەیاندبوو لە نێو ئەو 32 کۆچبەرە نایاساییە 17یان منداڵ بوون، بەڵام ناساننامەی کۆچبەرەکانیان ئاشکرا نەکردووە کە خەڵکی چ وڵاتێکن.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، بەهۆی تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، نزیکەی 35 کۆچبەر خنکان کە ژمارەیەکیان کورد بوون. بە گوتەی بەشێک لە  ژمارەی سەرنشینانی بەلەمە شکاوەکە کە ڕزگاریان بووە، 76 کۆچبەر لە بەلەمەکەدا بوون و تەنیا 11 کەس ڕزگاریان بووە کە حەوتیان کوردن. هەروەها پۆلیسی دەریایی ئیتاڵیا تەنیا دۆزینەوەی تەرمی 35 کۆچبەری سەلماندووە  و چارەنووسی 30 کۆچبەری دیکە نەزانراوە.