بەرپرسێکی تەقەدوم: بەهۆی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، چارەکردنی کێشەی سەرۆکی پەرلەمان نزیکە
سەرکردەیەکی پارتی تەقەدوم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، لایەنە سوننەکان نزیکن لەوەی کێشەی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.
عەبدولعەزیز میعماری، سەرکردە لە پارتی تەقەدومی سوننەکان، کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکانی سوننە لەسەر یەک مێز، وای کردووە کردنەوەی گرێی سەرۆکی پەرلەمان لەناوخۆی سوننەدا نزیکبێت، چونکە سەرۆک بارزانی پێشنیازێکی بۆ یەکخستنی سوونە لەسەر دۆسیەی سەرۆکی پەرلەمان پێ بووە".
ئەو سەرکردەیەی تەقەدوم ئاماژەی بەوەش داوە، "ئێستە لەناو ماڵی سوونە نیمچە کۆدەنگییەک هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان بەیەک کاندیدا بچنە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ پەرلەمان و دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە".
چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەریی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و زۆرینەی سەرکردە سوننی و شیعییەکانی عێراق کرد.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، "ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".
سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".
ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی بوون بۆ بەغدا پێک هاتبوون لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.