لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەپگرتنی سەگی بێلانە زیادی کردووە
بەڕێوەبەری بەشی خۆپارێزی لە زانکۆی پزیشکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە "ژمارەی سەگی بێلانە لە ناو سەنتەری شارەکان زیاتر بوون و لە سێ ساڵی ڕابردووشەوە 84% قەپگرتنی ئاژەڵەکان، سەگەکان بوون".
جیهانبەخش یوسفی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە "ژمارەی سەگەکان و ئەو ئاژەڵانەی قەپ دەگرن لە سەنتەری شارەکان بەراورد بە گوندەکان زۆری زیاتر بوون، بە هەمان شێوە مەترسییەکانیشیان زیادی کردووە و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا لە شاری سنە سێ هەزار و 442 حاڵەتی قەپگرتنی ئاژەڵان لە هاووڵاتییان تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش دوو هەزارو 891 حاڵەتیان قەپگرتنی سەگە بێلانەکان بووە لە هاووڵاتییان کە دەکاتەوە 84%ی حاڵەتەکان".
یوسفی هۆشداری داوە لە زیادبوونی مەترسییەکانی سەگە بێلانەکان لە سەنتەری سنە و شارەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکە، ڕاشیگەیاندووە، سەگە بێلانەکان هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییە لە نێو کۆمەڵگەدا لەوانە نەخۆشی هاری و گەڕی و چەند نەخۆشییەکی دیکەی ڤایرۆسیی و هەستیاری.
هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڕێوەبەری بەشی خۆپارێزی لە زانکۆی پزیشکی سنە ئاماژەی دا، کە تێچووی ڤاکسینکردنی یەکێک لە حاڵەتەکان، بەهۆی قەپگرتنی سەگە بێلانەکان بەرزە و هەر ڤاکسینێک لانیکەم نزیکەی 100 دۆلارە و حکوومەت بێبەرانبەر بە هاووڵاتییانی دەدات.