پزیشکیان بۆ خەڵکی ئێران: بە تەنیا جێم مەهێڵن
.jpg)
پەرلەمانی ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێ پشووی هاوینە هەڵوەشێنێتەوە و سەرۆکی نوێش داوا لە خەڵکی ئێران دەکات پشتی تێ نەکەن و بە تەنیای جێی نەهێڵن.
مەجید بەخشیپوور ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی ئیسنای ڕاگەیاند، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرکردنی مەرسوومی دەست بەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە سەرۆکایەتیی کۆماریی لە لایەن ئایەتوڵلا خامەنەییەوە، ئامادەن بە گوێرەی ماددەی 121ی دەستوور، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری بەڕێوە ببەن.
بەخشیپوور گوتیشی: کاتی سوێندخواردنەکە لە لایەن تیمی سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت و پەرلەمان ئامادەیە تەنانەت لە کاتی پشووی هاوینەشدا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە ببات بۆ ئەوەی کارەکانی حکوومەت دوا نەکەون.
بە پێی ماددەی 202ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران، سەرۆککۆمار دەبێ لە دوو هەفتەدا پاش سوێندخواردنی سەرۆککۆمار، کارنامە و پلانی حکوومەت و ناوی وەزیرەکانی لەگەڵ سیڤییەکانیان ڕادەستی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی دەنگدان و پەسەندکردنی کابینەکەی ڕێک بخرێت.
هەروەها مەسعود پزیشکیان، دوای دەرچوونی بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم پەیامی نووسینەکیدا داوای لە هاووڵاتییان کرد بە تەنیا جێی نەهێڵن.
پزیشکیان لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "هەڵبژاردن تەواو بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای ڕێگەکەیە و ڕێگەیەکی دژوارمان لە پێشە کە بەبێ هاوکاری و هاودڵی و متمانەی خەڵک ناتوانین بیبڕین".
هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ "دەستم بۆ لای ئێوە درێژ دەکەم و سوێندی شەرەف دەخۆم کە لەم ڕێگەیەدا بە تەنیا جێتان ناهێڵم، ئێوەش بە تەنیا جێم مەهێڵن".
هەینی 5ی تەممووز، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەڕێوە چوو، مەسعود پزیشکیان کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان بە دەنگی زۆرینە توانی بەرانبەر بە کاندیدای نەریتخوازەکان، سەعید جەلیلی، سەر بکەوێت و ببێتە نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەروەها بڕیارە ئێوارە ئەمڕۆ، شەممە 6ی تەمموزی 2024، پزیشکیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ مێدیاکارانی ناوخۆیی ئێران و مێدیاکارانی بیانی ساز بکات.