گۆشتفرۆشانی سلێمانی ئاژەڵەکانیان نابەنە کوشتارگە

کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی (ئەرشیف)
کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی (ئەرشیف)

بەهۆی بڕیارێکی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، گۆشتفرۆشانی شارەکە بڕیاریان داوە لەمەودوا ئاژەڵەکانیان بۆ سەربڕین نەبەنە کوشتارگەکە.

لەبەر ئەوەی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی داوای دوو هەزار دینار لە بەرامبەر پشکنین بۆ خوێنی هەر سەر ئاژەڵێک دەکات، گۆشتفرۆشانی شارەکە بڕیاریان داوە لە ئەمڕۆ شەممەوە، 06-07-2024، ئاژەڵەکانیان نەبەنە کوشتارگەکە.

یەکێک لە گۆشتفرۆشانی سلێمانی بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دوو هەزار دینار لە بەرامبەر  پشکنینی خوێنی هەر سەر ئاژەڵێک زۆرە، پێویستە کوشتارگەکە خۆی ئەو پارە بدات، نەک ئێمە".

بە گوێرەی زانیارییەکان، کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئەو جۆرە پشکنینە بۆ ئاژەڵەکان دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت ئاژەڵەکە پێشتر هیچ دەرزییەکی لێ دراوە یان نا، ‏چونكە ئەگەر دەرزی لە ئاژەڵەکان درابێت، بەپێی جۆری دەرزییەكە، نابێت ‏  بۆ چەند ڕۆژێک گۆشتەکەیان بخۆرێت. ‏

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بایکۆتی گۆشتفرۆشانی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ هیچ ئاژەڵێک لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی سەرنەبڕدراوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، پێش بڕیارەکەی گۆشتفرۆشان، ڕۆژانە نزیکەی 700 سەرئاژەڵ لەو کوشتگارگەیە سەر دەبڕدران.

 

Fly Erbil Advertisment