وێنەی کاندیدایەکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەرای ناوەتەوە

وێنەی کاندیدایەکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کاتی خواردنی "گۆشتی سەگ" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیووە.
لە وێنەکەدا دوو کەس دەردەکەون، پیاوەکە ڕوبێرت کەنەدیی، کاندیدای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکایە. ئەوەی دیکەشیان کچە هاوڕێکەیەتی.
ئەوەی هەرای ناوەتەوە، ئەو گۆشتەیە کە بە دەست کەنەدییەوەیە؛ بەشێکی مێدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن، گۆشتی سەگە و کاتێک کەنەدی ساڵی 2010 بە سەردانێک لە کۆریای باشوور بووە، خواردوویەتی.

کاندیداکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکاش دەنگۆکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، ئەوەی خواردوویەتی گۆشتی بزن بووە و، وێنەکەش لە ناوچەیەکی ئەمەریکای باشوور گیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 09-01-2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور پڕۆژە یاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی بەخێوکردن و کوشتنەوەی سەگ بۆ خواردن پهسهند کرد. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی کۆریای باشوور، تا 2023 هەزار و 600 خواردنگەی گۆشتی سەگ و هەزار و 150 کێڵگەی بەخێوکردنی سەگ لەو وڵاتە هەبوون.
دوای نزیکەی چوار مانگی تر، یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکایە. هەڵبژاردنەکە، یەکێکە لە کاریگەرترین و گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان کە سیاسەتی زلهێزترین وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەکات، پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەش یەکێکە لە ئاڵۆزترین و وردترین پرۆسە دیموکراسییەکان.