کییەر ستارمەر: بەریتانیا دەگۆڕین

دوای ڕۆژێک لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بەریتانیا و سەرکەوتنەکەی پارتی کرێکاران، سەرۆک وەزیرانی نوێ ئەندامانی کابینەکەی دەستنیشان کرد، بۆ یەکەم جار لە مێژووی بەریتانیادا ئافرەتێک وەک وەزیری دارایی دەستنیشان کرا. هەروەها لەو کابینەیە نوێیەدا چەندین پۆستی سەرەکی وەک وەزیری ناوخۆ و پەروەردە بە ئافرەتان دراوە.
دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا و سەرۆک وەزیرانی نوێ لەلایەن شا چارڵزی سێیەم، ڕاسپێردرا کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت. سەرۆک وەزیرانی نوێ دەڵێت "لەگەڵ دەست بە کاربوونی کابینەکەی گۆڕان لە بەریتانیا دەست پێ دەکات".
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەنگیان بە گۆڕانی هەلومەرجەکان داوە، بۆ نوێکردنەوەی نیشتمانی و گەڕانەوەی سیاسەت بۆ خزمەتگوزاری گشتی، گومانتان نەبێت گۆڕانەکان دەستبەجێ دەست پێ دەکەن و بەریتانیا بنیات دەنێینەوە، سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی دەگەڕێنینەوە سەر ئاستی پێویست و سنوورەکان دەپارێزین".
کابینەی نوێی حکوومەتی بەریتانیا لەلایەن کییەر ستارمەر، تەمەنی 61 ساڵە و لە 2015 بوو بە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
ئەنجێلا ڕاینەر، وەک جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کۆمەڵگە و نشینگەکان دەستنیشان کرا و تەمەنی 44 ساڵە، لە 2015 لەسەر پشکی پارتی کرێکاران بووە ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
جۆن هیلی، تەمەن 64 ساڵ، پۆستی وەزیری بەرگری پێ درا، لە ساڵی 1997 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
دەیڤد لامی، تەمەنی 51 ساڵە، وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەستنیشان کرا، ساڵی 2000 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا .
هەروەها ئێڤێت کوپەری تەمەن 55 ساڵ، وەک وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەستنیشان کرا، ساڵی 1997 ئەندام پەرلەمانی ئەو شانشینە بووە.
ڕەیچڵ ریڤس،45 ساڵ، وەک وەزیری دارایی لە کابینەکەی کییەر ستارمەر، دەستنیشان کرا، ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی بەریتانیا ئافرەتێک پۆستی وەزیری دارایی پێبدرێت، ساڵی 2010 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
وێس ستریتینگ،41 ساڵ، پۆستی وەزیری تەندروستیی بەریتانیای پێدرا، ساڵی 2015 بووە پەرلەمانتار.
بریدجت فیلیپسن، 40 ساڵ، وەک وەزیری پەروەردەی بەریتانیا لە کابینەی نوێی حکوومەت دەستنیشان کرا، ساڵی 2010 بووە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا
ڕۆژی (4ـی تەمموزی 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکە بەدەست هێنا و کۆتایی بە 14 ساڵ فەرمانڕەوایی پارتی پارێزگاران هێنا و دەرگاکانی داونینگ ستریت 10، بەڕووی کییەر ستارمەر، کردەوە.