داخرانی دەروازە سنوورییەکانی تورکیا باکووری سووریای پەرێشان کردووە

ئاوارەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا، کە نیشتەجێی کەمپەکانی باکووری سووریان، لە داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ تورکیا نیگەرانن.

ئاوارەکان بەهۆی خراپیی گوزەرانیان، هەموو ئومێدێکیان بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەستراوەتەوە و ڕۆحیان لە نێو لەپی دەستیانە. بە بیستنی هەواڵی داخستنی دەروازەکان دۆشداماون، چونکە دەروازە سنوورییەکان بە تاکە ڕێگە دەزانن بۆ دەستگەیشتینیان بە هاوکارییە مرۆییەکان و پێخۆری ڕۆژانەیان.

زۆربەی دانیشتووانی کەمپەکانی باکووری سووریا، تەنیا  هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەژین. ئەوان لە کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاسایی بوونەوەی دۆخی ناوخۆیی سووریا بێهیوا بوونە، هەر بۆیە خەمی یەکەمیان کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەوەی شەڕی مانەوە لە ژیان، درێژە پێ بدەن.

محەممەد خالید، یەکێکە لە ئاوارەکان و دەڵێ " ئێمە لە کەمپەکانی باکووری سووریا بەردەوام چاودێریی دەروازە سنوورییەکان دەکەین، هەمیشە ترسمان لەوەیە داخرانی سنوورەکان درێژە بکێشن و چیتر هاوکارییەکانمان پێ نەگات، زۆر ترسمان لەوەیە تووشی هەمان چارەنووسی خەڵکی غەززە ببینەوە".

لە %85 کاڵا و خۆراکەکانی ناوچەکە لە تورکیاوە دەگەیەنرێتە باکووری سووریا و داخستنی دەروازە سنورییەکانیش نرخی خۆراک و هەموو کاڵاکانی بەرز کردووتەوە.

بەشێک لە خەڵکیش بڕوایان وایە ئامانجێکی تورکیا لە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی باکووری سووریا، ڕاگرتنی خۆپیشاندان و ئەو ناڕەزاییانەیە کە لە ناوچەکانی باکووری سووریا لە دژی دەکرێت.

کاسبکارێک بە ناوی یاسر حەماوی، دەڵێت: "لە یەکەم ڕۆژی داخستنی دەروازە سنوورییەکانەوە، نرخ و بەهای کاڵاکان بەرزبووەتەوە و ئەگەر داخستنی ئەو دەروازانە تەنیا بۆ مانگێک بەردەوام بێت، ئەوا قەیرانێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و خەڵکی سڤیل بۆ هەمیشە دەبنە قوربانی دەستی سیاسییەکان، تورکیا داخستنی دەروازە سنوورییەکانی وەک کارتێکی فشار لە دژی خۆپیشاندەران بەکار هێناوە، دەزانین تورکیا سوودێکی زۆری لەو دەروازە سنووریانەوە دەست دەکەوێت، دڵنیام دواجار هەموو دەروازەکان دەکاتەوە."

لە یەکی ئەم مانگەوە، بەهۆی هێرش و پەلاماردانی خۆپیشاندەران بۆ سەر دەروازە سنورییەکانی تورکیا و ناوەندەکانی ناو سووریا، تورکیا بۆ ماوەیەکی نادیار هەموو دەروازەکانی لەگەڵ سووریا داخستووە و ڕێگە بە دەربازبوونی هیچ کاڵا و هاوکارییەکی مرۆیی نادات.

Fly Erbil Advertisment