عێراق.. داوای دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی ماددەی هۆشبەر دەکرێت

دامەزراوەی چارەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق، دەڵێت، تەنیا دەستگیرکردنی تۆمەتباران کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ناهێنێت، بەڵکوو پێویستە ئامێری پێشکەوتووی پشکنین دابین بکرێت.
ئیناس کەریم، سەرۆکی دامەزراوەی چارەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق ئاشکرای دەکات، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 700 ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر چارە کراون کە 45 کەسیان ئافرەتن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێویستی دەزانێت ئامێری پێشکەوتووی ئاشکراکردنی ئەو ماددانە دابین بکرێت. چونکە، بە گوتەی ئەو "دەستگیرکردنی بازرگانان و تۆڕەکان نابێتە هۆی کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بەڵکوو دەبێت میکانیزمەکانی ڕێگریکردن فراوانتر بکرێن".
هاوکات یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، "چارەکردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی سەدا 50 زیادی کردووە کە ئەمەش چانسی دووەم بە ئالوودەبووان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوەی دۆخی ژیانی ئاسایی خۆیان، ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەنگاوی باشی لە دابینکردنی کارمەندی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە هەڵگرتووە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هەوڵەکان بەرز دەنرخێنێت و ڕایدەگەیەنێت، لە تێکڕای ساڵی ڕابردوودا 820 ئالوودەبوو چارە کراون، بۆیە دەرکەوتووە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەساڵی 2024 دا پرۆسەی چارەکردنی ئالوودەبووانیان خێراتر کردووە.
ڕێککەوتی 5ـی تەمموز، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 230 تۆڕی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە کە لەنێویان 27 تۆڕ نێودەوڵەتین و سەرجەم تۆڕەکان زیاتر لە 19 هەزار تاوانباری ماددەی هۆشبەریان لە خۆ گرتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر بە پلە یەک لە سنوورەکانی ئێران و بە پلە دوو لە سنوورەکانی سووریاوە دەکرێت".