عێراق گازی تورکمانستان دەکڕێت بەڵام هاوردەی وێستگەکانی ناکات

دوای نزیکەی هەشت مانگ لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی عێراق لەگەڵ تورکمانستان بۆ هاوردەکردنی گازی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، هاوکات ئێران ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکمانستان ئیمزا کردووە بۆ درێژکردنەوەی تۆڕی لوولە بۆ دابینکردنی غازی تورکمانستان بۆ ئێران، لە ڕێککەوتنەکدا عێراق لە جیاتی ئێران پارەی کڕینی ئەو گازە دەدات، بەبێ ئەوەی تۆزقاڵێک ئەم گازە بچێتە ناو وێستگەکانی عێراقەوە.
حکوومەتی تورکمانستان و ئێران نزیکەی سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕێککەوتنێکیان بۆ دابینکردنی 10 ملیار مەتر سێجا گاز لە تورکمانستانەوە بۆ ئێران ئیمزا کرد، کە ڕۆژانە دەکاتە زیاتر لە 25 ملیۆن مەتر سێجا.
ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان، عێراق ڕزگار دەکات لەوەی ئەگەر کێشە لە دابینکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکان دروست بوو، یان کێشەی پێدانی پارەی گازی هاوردەکراو بۆ ئێران چارە دەکات، کە دەتوانێت لەسزاکانی واشنتۆن دەرباز بێت.
لە ڕێککەوتنەکە دا عێراق گازی تورکمانستان بۆ ئێران دەکڕێت و پارەی گازەکەش دەدات، بەڵام ئەوگازە وەرناگرێت، هەروەها ئێرانیش بە هەمان بڕ گازی ناوخۆ دەداتە عێراق.
لێرەدا عێراق نرخی گازی ئێرانی دەدات، بەڵام بەبێ ئەوەی پارەکە ڕادەستی ئێران بکات، بەڵکو ڕادەستی تورکمانستان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەربازبوون لە پرسی سزاکان. واتە هەرگیز گازی تورکمانستان ناگاتە عێراق، بەڵکو ئاڵوگۆڕ دەکرێت، واتە ئێران دەیبات و بەشێک لە غازی ناوخۆیی خۆی دەدات بە عێراق، کە ساڵانێکە بۆ عێراق دابینی دەکات.