بیرە ئاوەکانی دەوروبەری هەولێر کلۆرڕێژ دەکرێن

بەڕێوەبەری ئاوی بیرەکانی دەوروبەری هەولێر ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە دەستمان بە هەڵمەتی کلۆرڕێژی بۆ بیرەکانی دەوروبەری پارێزگای هەولێر کردووە، بۆ ئەوەی لەم وەرزی گەرمایەدا ئاوی خاوێن بدرێتە هاووڵاتییان.
یەکشەممە، 7ـی تەمموزی 2024، ڕێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی بیرەکانی دەوروبەری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکە دەستمان بە هەڵمەتی کلۆرڕێژی بۆ بیرەکانی دەوروبەری هەولێر کردووە، کە هەزار و 570 بیرن، بەردەوامیش دەبین تا کۆتایی وەرزی گەرما.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "هەموو ئەو بیرانەی ڕاستەوخۆ بە تۆڕی ئاوەوە بەستراون، هەتا ئەو بیرانەی کە دەچێتە ئەنباراوەوە کلۆرڕێژ دەکرێن و بیریشمان هەیە بەستراوەتەوە بە تۆڕی گەڕەک و گوندەکان، لەو حاڵەتەدا ئامێری ئاوبەست لەسەر بیرەکان دادەنێین، کە کلۆری شل یاخود ئامێری دووتیوب لەسەر بیرەکە دادەنێن، پێش ئەوەی ئاوەکە بچێتە ناو تۆڕەکەوە کلۆری خۆی وەردەگرێت.
دەشڵێت: "800 ئەنباراو لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر هەیە، ئەو بیرانەی بە ئەنباراوەوە بەستراون، کلۆرەکە لەسەر ئەنباراوەکە دادەنرێت تاکو دەچێتە ناو ئامێرەکەوە، ئینجا ئاوەکە دابەش دەکرێت".
ڕێزان سەعدی باسی لەوەش کرد، "هەموو ئاوێک لە بیر دەردەچێت، هەر دەبێت پرۆسەی کلۆری بۆ بەکاربهێنرێت، کاتێک ئاوەکە لەبیر دەردەچێت و دێتە ناو ئەنباراو، دەبێت بە خاوێنی و کلۆرکراو ئاوەکە بدرێتە هاووڵاتییان.
گوتیشی، "ئێمە هەر شەش مانگ جارێک ئەنباراو خاوێن دەکەینەوە کلۆریش بەسەر هەموو بیرەکان دابەش دەکەین. ئەوەش لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە کە بەشی تاقیگەکان و لەگەڵ چاودێری بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاوەوە"
لە سنووری پارێزگای هەولێر 800 خەزانی ئاو و نزیکەی هەزار و 600 بیری ئاو هەیە، کە ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی گوند و شارەدێ و شارۆچکەکانی ناوەندی هەولێر دابین دەکات.