ڕێگەی ناوەندی ناحییەی ڕۆڤیا دەکرێتە دووساید

ناوەندیی ناحیەی رۆڤیا (وێنە: مونیر ئەمیر بۆ کوردستان24ـی ناردووە)
ناوەندیی ناحیەی رۆڤیا (وێنە: مونیر ئەمیر بۆ کوردستان24ـی ناردووە)

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوژمەی پێنج ملیار دیناری بۆ بە دووسایدکردنی ڕێگەی ناوەندی ناحیەی ڕۆڤیا و بەشێکی ڕێگەی دەرەکی ناحییەکە تەرخان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-07-2024، مەنهەل شێخ موافق، بەڕێوەبەری ناحییەی ڕۆڤیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی بە دووسایدکردنی (ڕێگەی ناوەندی ناحییەی ڕۆڤیا) و (ڕێگەی نێوان ڕۆڤیا تاوەکوو گوندی ئێکماڵەی کۆن) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی رۆڤیا - ئاکرێ دەربڕیوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحییەی ڕۆڤیا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوژمەی پێنج ملیار دیناری لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەکە تەرخان کردووە و چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. گوتیشی، درێژایی دوو سایدەکەی ناوەندی ڕۆڤیا نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت و ئەوەی ڕێگەی ڕۆڤیا بۆ گوندێ ئێکماڵەی کۆنیش، نزیکەی 900 مەتر دەبێت بۆ هەر سایدێک.

وەکو ئەوەی مەنهەل شێخ موافق، ئاماژەی پێ دا، دووسایدەکەی سەنتەری ڕۆڤیا ڕووناکی و ئاوەڕۆی لەگەڵدا دەبێت و لەنێوان هەردوو سایدەکانیش دەکرێتە سەوزایی و نەمام دەچێندرێن. گوتیشی، دەروازەی هاتنە ناوەوەی ڕۆڤیا دەکرێتە گۆڕەپانێکی گەورە و فولکەیەکی جوان دروست دەکرێت.

بێجگە لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحییەی ڕۆڤیا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دیناری بۆ قیرتاوکردنی ڕێگەی کۆلانەکانی سەنتەری ڕۆڤیا تەرخان کردووە؛ لە قۆناغی یەکەمدا ڕێگەی چەند کۆلانێک قیرتاو کراون و لە قۆناغی دووەمیشدا، ڕێگەی ئەو کۆڵانانەی ماونەتەوە، قیرتاو دەکرێن.

ناحیەی ڕۆڤیا دەکەوێتە سەر بە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و 29 گوند لەخۆ دەگرێت. بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی دانیشووانی سەنتەری ڕۆڤیا زیاتر لە 30 هەزار کەسە.

Fly Erbil Advertisment