بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ بنکەیەکی دەنگدانی گشتیی لە دەرەوەی هەرێم ناکرێتەوە

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، بنکەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ دەنگدانی تایبەت دەکرێنەوە.

عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "هیچ بنکەیەکی دەنگدانی گشتیی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە، بەڵکو چەند بنکەیەک لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و بەغدا و واست بۆ دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە".

عیماد جەمیل گوتیشی: هیچ بنکەیەک لە دەرەوەی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەنەوە.

ئێستا کۆمیسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان لە ماوەی وەرگرتنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانی، پارتە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی پێکهاتەکانە کە نیازی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

کۆمیسیۆن لە 3ی ئەم مانگەوە ڕایگەیاند، لە 4 تاوەکوو 15ی تەممووزی 2024، قۆناغی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان بەردەوام دەبێت.

ئەمەش دوای ئەوەی 26ـی حوزەیرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو، هاوکات دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی لەلایەن زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کراوە، نوێنەری وڵاتانیش خۆشحاڵی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاییهێنان بەم بۆشاییە یاساییە دروست بووە.

Fly Erbil Advertisment