ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران پەسەند کرا

مەسعود پزیشکیان نۆیەمی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران
مەسعود پزیشکیان نۆیەمی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی وڵاتەکەی پەسەند کرد.

تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە لایەن ئەو ئەنجوومەنەوە پەسند کراوە و بڕیارەکەش ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کراوە.

بە گوێرەی دەستووری ئێران، دوای پەسندکرانی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەبێ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەرسوومی ڕێبەرایەتی بۆ دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ دەربکات و پاش دەرچوونی ئەو مەرسوومە، براوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بە فەرمی دەناسرێت و دەست بەکار دەبێت.

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران هەینی 5ی تەممووزی 2024 لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە چوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا %49.8 بووە و لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

Fly Erbil Advertisment