نازم هەرکی: یەکێتی هۆکاری سەپاندنی بڕیاری نایاسایی بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی 17ـی پارتی ڕایگەیاند، یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا فراکسیۆنی نییە، چونکە هەردوو کورسییەکەی خۆی ڕادەستی ڕەیان کلدانی کردووە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی هۆکاری سەرەکی لێکترازانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بوو.
نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی: بڕیارەکانی کۆبوونەوەی 2ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاسایی و نادەستووریی بوون، هاوکات دەستپێکێکی خراپە بۆ پارێزگاکە کە دەبێتە لێکترازان ئەنجوومەنەکە.
بەرپرسی لقی 17ـی پارتی، ئاماژەی بەوە دا، لە دەستپێکی هەڵبژاردن و دامەزراندنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەندامان و پارێزگای نەینەوا بە ڕێککەوتن هەڵبژێردران، هەروەها ڕێککەوتن کرابوو لەسەر هەموو پۆستەکان، بەڵام جێگەی داخە کۆبوونەوەی ئەم جارە بەبێ ئەوەی سەرەتا خشتەی بەرنامەی کاری بڵاو بکرێتەوە، کرا.
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای داوە چونکە نایاسایی بوون، هەروەها بۆ گۆڕینی قایمقام و بەڕێوەبەری هەر ناحییەک پێویستە سەرەتا دەرگەی خۆپاڵاوتن بکرێتەوە و لێژنەیەک پێک بهێنرێت و سیڤی وەربگیرێت.
نازم هەرکی، لەبارەی یەکێتییەوە گوتی: یەکێتیی لەئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا فراکسیۆنی نییە، چونکە هەردوو کورسیەکەی خۆی ڕادەستی ڕەیان کلدانی کردووە، هەروەها هۆکاری سەرەکی لێکترازانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بوو.
ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا مووەحەدە کە ئەو دوو فراکسیۆنە خاوەنی 13 کورسی ئەنجوومەنەکەن، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە پۆستی حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بکات.
ئەو پۆستانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری تێدا کردووە بریتین لە قایمقامی شنگال، قایمقامی مەخمور، قایمقامی تەلەعفەر، قایمقامی تلكێف، قایمقامی حەزەر، قایمقامی حەمدانییە و قایمقامی بەعاج. هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکانی قەراج، باشیك، شۆرە، نەمرود، گەیارە، تەل، بەرتلە، سنونێ، عەیازییە، زوممار، وانكێ، رەبیعە و حەمام عەلیل.
هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل کە زۆرینەی ئەندامەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و حەشدی شەعبی نزیکن، بە کورسییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک و ئێزدییەکان خاوەنی 16 کورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و بەبێ گوێدانە ڕێککەونە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مافی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و سیاسییەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنەکان لە نوێنەرایەتیکردن لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکان، لە پشتەوەی ئەو پرۆسەیە بوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ کرا