دلێر عەبدولواحید: هەر بریکارێک ڤیزا کارتی نەبێت بەشەخۆراکی پێ نادرێت

بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر ئاشکرای دەکات، هەر بریکارێکی کەلوپەلی خۆراک ئەگەر ڤیزا کارتی نەبێت، لە پێدانی سەبەتی خۆراکی پێنجەم بێبەش دەکرێت.
یەکشەممە 7ـی تەممووزی 2024، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەرەتای ساڵی 2024، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە پارە وەرگرتن لە بریکارەکان بەڕێگەی ئەلیکترۆنی بێت چونکە لە تەواوی عێراق پارە وەرگرتن دەبێتە ئەلیکترۆنی و چیتر پارە بە کاش وەناگیرێت.
بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک ئاشکرای کرد، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ئامێری وەرگرتنی پارەی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو لقەکانی کەلوپەلی خۆراک لە عێراق دابینکراوە، دەڵێت، ئەو ئامێرانە گەیشتوونەتە بنکەکانی کۆیە و سۆران و بەرێوەبەرایەتی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، لەڕێگەی ئەو ئامێرەوە بریکارەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی پارەکانیان دەدەن، بۆیە لە بەشە خۆراکی دووەمەوە پارە بە کاش لە بریکارەکان وەرناگیرێت تەنها بە ئەلیکترۆنی نەبێت.
ئەو بەڕێوەبەرە ڕایدەگەیەنێت، هاوکاریی زۆرێک لە بریکارەکان دەکرێت لەبەر ئەوەی تا ئێستا زۆرێک لە بریکارەکان نەیانتوانیووە ڤیزا کارت دەربکەن، لقێکی بانکی ئیسلامی باشوور لەنێو بەڕێوەبەرایەتی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر داندراوە و ڤیزا کارت بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر بۆ بریکارەکان دروست دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی تەواوی عێراق لەو بانکە ڤیزا کارت دەردەکات، دەرچوونی هەر ڤیزا کارتێک مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی پێدەچێت، دەڵێت، هەتاکو ئەو ڤیزا کارتە دەردەچێت، بەهەر ڤیزا کارتێکی دیکە دەتوانرێت کارئاسانی بۆ بریکارەکان بکەین و پارەیان لێ وەربگرین، بەڵام پارەی کاش بەهیچ شێوەیەک لە بریکارەکان وەرناگرین.
بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک ئاشکرای دەکات، چوارەم سەبەتەی بەشە خۆراکیان دابەش کردووە و بریکارەکان بە ڤیزا کارت پارەکەیان داوە، بەڵام هەندێک لە بریکارەکان تا ئێستا ڤیزا کارتیان دەرنەهێناوە، دەڵێت، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاگادارکراوینەتەوە کە هەر بریکارێک ڤیزا کارت دەرنەکات، بەشە خۆراکی سەبەتەی پێنجەمی پێ نەدەین، ئێمەش چەندین جار بریکارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە ڤیزا کارت لە بانکی ئیسلامی باشوور لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی کەلوپەلی خۆراک دەربکەن بۆ ئاسانکاریی، ئەگینا بەشە خۆراکی سەبەتی پێنجەمیان پێ نادرێت، دەشڵێت، لە دوو هەزار و سەت بریکار، تەنها هەزار بریکار بۆ دروستکردنی ڤیزا کارت سەردانی کردوون، هەزار و سەت بریکار ماون ڤیزا کارت دەربکەن.