عەدنان کەنانی: پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگری لە کاری گرووپی قوربانییون بکات

K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سەربازی، دەڵێت: گرووپی قوربانییون هانی گەنجان دەدەن بۆ خۆکوشتن، هەروەها بە بەرنامەی تایبەت کار دەکەن و، ئامانجیانە گەنجان لە کۆمەڵگە داببڕن.
عەدنان کەنانی، شرۆڤەکاری سەربازی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەم گرووپە توندڕەوانە کە هەڵگری هزرێکی توندڕەون، هەوڵ و ئامانجیان ئەوەیە هەندێک ئەقڵ بشۆنەوە و چەواشەیان بکەن، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگری لەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت یاری بە ئەقڵی گەنجان بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە پێی وایە، گرووپی قوربانییون هانی گەنجان دەدەن بۆ خۆکوشتن، هەروەها بە بەرنامەی تایبەت کار دەکەن و، ئامانجیانە گەنجان لە کۆمەڵگە داببڕن.
هاوکات دەڵێت: ئەوەی ئێستە لە عێراق ڕوودەدات بەهۆی هەژارییەوەیە، بەشێک لەو گەنجانە کە خۆیان کووشتووە سادەترین پێداویستی ژیانیان نەبووە. ناوبراو ڕوونیکردەوە، گەنجان بێ کارن و هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێندرێت، ناچار دەچنە ژێرباری ئەم گرووپە تاوانکاریانە.
عەدنان کەنانی، باسی لەوە کرد، حکوومەتی عێراق پارەیەکی زەبەلاح لە کۆمەڵێک شت خەرج دەکات کە شایەنی ئەوە نییە پارەی بۆ بەفیڕۆ بدرێت، ئەگەر سامانی عێراق بە یەکسانەی بەسەر هاووڵاتییانیدا دابەش بکرابایە ئەوا وڵاتەکە دەبووە یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی جیهان لە ڕووی پێشکەوتن و پەرەسەندنەوە.
بەم دواییانە گرووپێک لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دروستبوون کە بەخۆیان دەڵێن "قوربانیوون" و گەنجان هاندەدەن تا بەشێوەی تیروپشک خۆیان بکوژن، ئامانج لەم کارەیان وەک خۆیان باسی دەکەن خۆ قوربانیکردنە بۆ ئیمامی عەلی.
چاودێرانی هۆشداریی دەدەن، لە ئەگەری فراوانبوونی ئەم گرووپە ئەگەری هەیە ببنە هۆکاری دروستبوونی مەترسی ئەمنی لەسەر دەوڵەت، چونکە بەپێی ڕاپۆرتەکان گرەوپی قوربانیوون تا ئێستر بوونەتە هۆکاری خۆکوشتنی پێنج گەنج بەشێوەی تیروپشک.