بەرووبوومی کشتوکاڵ و ئاوی کوردستان لە لەندەن گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت

شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لەندەن
شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لەندەن

لە 15ـهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقی بەریتانی(IBBC)لە شاری لەندەن، پرسی ساغکردنەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵ و پۆند و بەنداوەکانی کوردستان، پرسی قسەو گفتوگۆکانی نێوان عێراق و بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بوو.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاوی کردووەتەوە، تیمێکی باڵای وەزارەتەکەیان بەشدارییان لە کۆڕبەندی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقی بەریتانی IBBC لە لەندەن کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتە، تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە هاوڕێیەتی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە 15ـهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقی بەریتانی(IBBC)لە شاری لەندەن کردووە، لە ساڵیادەکەدا چەندین چاڵاکیی و پانێل و دیدار دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاسانکاریی بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاریی لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازیی و بازرگانیی بەڕێوەچوو.

هاوکات تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە و ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو لە جیهاندا کرا.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کردووە، لەساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقی بەریتانی، جەخت لە یەکخستنی دەرفەتە هاوبەشەکان و پێکەوە کارکردنی نێوان حکوومەتی بەریتانیا و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژی بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و هەنگاونان بۆ خۆبژێوی و پاڵپشتی  زیاتری جووتیاران، لە پێناو ئاسانکاریی بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومە خۆماڵییەکان، هەروەها سوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە دروستکردنی چەندین بەنداو  و پۆند و پڕۆژەی ئاودێریی و هێنانەکایەی تەکنەلۆژیایی پێشکەوتووی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و زیادکردنی پانتایی سەوزایی و پارێزگاری لە ژینگە بەگشتی.

لەو ساڵیادەدا، تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ پەیام و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویان تایبەت بە ئاسانکارییەکانی لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانیی کشتوکاڵیی و پیشەسازیی کرد .