هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن

دیمەنی وێرانەییەکانی نێو بەشێکی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا - کەرتی غەززە
دیمەنی وێرانەییەکانی نێو بەشێکی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا - کەرتی غەززە

هێڕشە بەردەوام و چڕەکەی ئیسرائیل  سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی غەززە بەردەوامە و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراو و بریندارن و هەزاران خێزان لە ماڵ و ناوەندەکانی حەوانەوەیان ئاوارەبوونە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی فەڵەستین ڕایانگەیاند، کارمەندانی پزیشکی لە نەخۆشخانەی مەعمدانی لە غەززە، بە هۆی هەڕەشەکانی سوپای ئیسرائیل ناچار بوون بریندارەکانی بگوازنەوە و نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن.

لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ئەنجامی هێرش و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل لە ڕێگە و ماڵەکانی گەڕەکەکانی دەراج و توفە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە کوژراو هەبووە. لای خۆیەوە، بەرگریی شارستانی لە کەرتەکە دەڵێت، "تیمەکانی ناتوانن بگەنە سەر مردووان و بریندارانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی غەززە".

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە فەڵەستینیەکانیش لای خۆیانەوە ڕایانگەیاندووە، تەرمی 54 کەس گەیشتووەتە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، هەروەها دەیان مردووی دیکە تا ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە بزرن.

شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە پێی ناوەتە مانگی دەیەمی خۆیەوە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە 276هەمین ڕۆژی جەنگدا هێرشە وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە فراوانتر کرد و کۆمەڵکوژی زیاتری لە دژی خێزان و خەڵکی مەدەنی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، حماسیش بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشییەکانی سوپای ئیسرائیل بە تایبەت لە شاری ڕەفەح .

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئێستە زیاتر لە 38 هەزار کوژراو و 88 هەزار برینداری لێ کەوتووەتەوە کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن، زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بزرن.