سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بۆ پرسی ئاشتەوایی لە چینە

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024، لە بێجینگ لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆ دەبێتەوە و ئۆربان سەردانەکەی بە "ئەرکی ئاشتی 3.0" وەسف کردووە گوایە درێژەی سەردانەکەیەتی بۆ مۆسکۆ و کیێڤ.
سەردانە ڕانەگەیەنراوەکەی ئۆربان، تەنیا ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دێت کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەبۆنەی 75مین ساڵیادی ساز بکرێت و پێشبینی دەکرێت پرسی جەنگ ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی تەوەری سەری گفتوگۆکانی لووتکەکە بێت.
ئۆربان، دوێنێ یەکشەممە دوای گەیشتنە بێجینگ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی بێجینگ و پێشوازیی لێکرانی لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و تەنیا نووسیویەتی "لە چینم بۆ ئەرکێکی ئاشتەوایی 3.0" بێ ئەوەی هیچ وردە کارییەکی دیکە بدرکێنێت.
Peace mission 3.0 #Beijing pic.twitter.com/DZZFv4qAEH
— Orbán Viktor (@PM_ViktorOrban) July 7, 2024
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی ڕێکخراوەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین پینگ کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی لەلایەن هەردوو وڵات جێگەی بایەخن.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، کە بە نزیک لە چین و مۆسکۆ دادەنرێت، بە پێچەوانەی تەواوی سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا، ڕەتیکردووتەوە چەکی زیاتر بە کیێڤ بدرێت.
هەرچەندە چین لە جەنگی ئۆکرانیا وەک بێلایەن نیشان دەدات و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە کە یارمەتی و پشتیوانیی لۆجستی بۆ هیچ لایەنێک نانێرێت، بەڵام لە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی بێجینگ و مۆسکۆ چووە قۆناغێکی دیکە و گەشەی زیاتر کردووە، بە تایبەت لە بواری بازرگانییەوە.
هەروەها ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریان پێشتر بۆ پرسی ئاگربەست لە ئۆکرانیا و ئاشتەوایی ڕووسیا و ئەوروپا سەردانی موسکۆ و کیێڤی کردووە و لەگەڵ هەر یەک لە ڤلادیمێر پوتین و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کۆبووەتەوە.