کۆڵبەرێک کوژرا و چواری دیکەش بریندار کران

کۆڵبەران لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆڵبەران لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئەیووب محەممەدی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود کوژراو و چوار کۆڵبەری دیکەش بریندار کران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ داکۆکیی لە مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاوی کردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستڕێژیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بە هۆیەوە پێنج کۆڵبەر بریندار بوون".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی داوە، یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە ناوی ئەیووب محەممەدی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە مردووە.

هەروەها چوار کۆڵبەرە بریندارەی دیکە لە لایەن ستافی تەندروستی  هەمان نەخۆشخانە، تیمار کراون؛ بەڵام دۆخی تەندروستیان بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، چونکە تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەر چوار بریندارەکە لە بەشی چاودێری مابوونەوە.