عێراقییەکان بۆ سوودانی: بکوژانی هیشام هاشمی ئاشکرا بکە

عێراقییەكان داوا لە سوودانی دەکەن، پابەندی بەڵێنەكانی بێت بۆ ئاشكراكردنی ئەو تیرۆر و سەرکوتكارییانەی لە کاتی خۆپیشاندانی تشرینییەكان ڕوویان دا. لەوانە، دۆسیەی کوشتنی هیشام هاشمی، لێكۆلەر و شرۆڤەكاری سیاسی.
عێراقییەکان یادی چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی لێكۆلەر و شرۆڤەکاری سیاسی هیشام هاشمییان كردەوە. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گرنگینەدان بە دۆسییەکی ھاوشێوە بە یەكێك لە ھۆیەکانی نەبوونی دادپەروەریی و بێتوانایی حكوومەت بەرامبەر چەكدارەكان، دەزانرێت.
سەنتەری ئەلنەخیل، بۆ ماف و ئازادیی ڕۆژنامەگەری، كە لە بەغدا یادەكەی كردەوە. دۆسیەی تیرۆركردنی ھاشمی، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو دۆسیانەی وەسف كرد كە ھاوڕێ بوو لەگەڵ خۆپیشاندانی تشرینییەكان.
سەنتەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەوەی جێی داخە نەبوونی دادپەروەرییە لە دۆسیەی كوشتنی ھیشام ھاشمی، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر تیرۆرکرانیدا.
سەنتەرەکە، داوایشی لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق كرد پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت كە داویەتی بۆ ئاشکراکردنی ئەو تیرۆر و سەرکوتانەی لە کاتی خۆپیشاندانی تشرینییەكان ڕوویان داوە و لەوانە دۆسیەی کوشتنی هاشمی.
شەوی 6ـی تەممووزی 2020، هیشام هاشمی، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا.
یەکێک لە بکوژانی کەسێک بوو بە ناوی ئەحمەد کینانی، کە ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوو و لە کاتی خۆیدا دانپێدانەکەی لە مێدیاکان بڵاوکرایەوە و دواتر دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند. بەڵام لە ئاداری ئەمساڵ کینانی جارێكی دیكە دادگایی كرایەوە و دادگای تاوانەکانی عێراق بە پاساوی ئەوەی بنەمای یاساییان نییە و دانپێدانانەکانی پێشووش بەڵگەی سەلمێنەر نین، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاڕاستەی بکوژ کرابوون، بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەحمەد کینانی دەرکرد.