جۆن كێربی: داوا دەكەین ھەولێر و بەغدا بە دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن
"ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی دووشەممەی بەغدا بوون"
K24 - ھەولێر
ئەمریکا رایگەیاند واشنتن پشتگیری ھەر ھەوڵێک دەکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی ھەولێر و بەغدا و داواش لە ھەدوولا دەکات، لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.
جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، سەبارەت بە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی شاندی ھەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ئەوان خۆشحاڵن بە ھەر ھەنگاوێک کە ببێتە ھۆی نزیکبوونەوەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
ھەروەھا جۆن کێربی ئاشکراشی کرد کە ئەوان ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی دووشەممەی بەغدا بوون، بەڵام رەتیکردەوە واشنتن ئەو کۆبوونەوەیەی رێکخستبێت و گوتیشی، ئەوە کارێکی ناوخۆی عێراقە و ئەمریکا دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا ناکات، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە بەردەوام بەرپرسانی ئەمریکا لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکوو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.