لاوەند مەموندی: گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر – تونس دەست پێ دەکات

سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ناوەڕاستی مانگی تەممووز گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و تونس دەست پێ دەکات و هەولێر دەروازەیەکی دیکەی ئاسمانی بەڕوودا دەکرێتەوە.
دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنی گەشتە نوێکانی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو رۆژانی هەینی گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەولێر و لەندەن ئەنجام دەدرێ و کوردانی تاراوگە سوودیان لەو پێشووچوونە بینووە لەبواری گەشتی فڕۆکەوانی، دەشڵێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاتووەتە ڕیزبەندی زیاتر، ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە لە لەندەنەوە دەفڕێت بەچوار کاتژمێر و 45 خولەک دەگاتە هەولێر، بەڵام لە گەشتی ڕۆیشتن بۆ لەندەن، بەهۆی ئاسایشی بەریتانیا، فڕۆکەکە تەنها بۆ پرسی ئاسایش دادەبەزێت بەر لەوەی بگاتە لەندەن، ئەوەش تەنها کاتژمێر و نیوێکی پێ دەچێت.
لاوەند مەموندی دەڵێت، لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی تیمێکی بەریتانی سەر بە ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا بێنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیا ببنەوە لەوەی ئەو ئامێر و پشکنینانەی لە فڕۆکەخانەکە هەیە لە ئاستێکی بەرزدایە.
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی ڕایگەیاند، یەکەم گەشتی ڕاستەخۆی نێوان هەولێر-تونس لە 15ـی تەممووزی ئەمساڵ کە دەکاتە رۆژی دووشەممە، دەستپێدەکات، دواتریش هەموو ڕۆژانی دووشەممە ئەو گەشتە ڕاستەخۆیانەی هەولێر و تونس ئەنجام بەردەوام دەبێت.
مەموندی دەڵێت، ئەو پرۆسەیە دوای بڕیاڕێکی وڵاتی تونس هات کە ڤیزای بۆ هاووڵاتییانی عێراقی نەهێشت و ئێستا هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی تونس بکەن، بەمەش هەولێر جارێکی دیکە دەچێتە قۆناغێکی بەرزتر کە بەکیشوەری ئەفریقا دەبەسترێتەوە، دەشڵێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڵای ئەربیل کاری زیاتر بۆ کردنەوەی دەروازەی ئاسمانیی زیاتر بەڕووی کوردستاندا دەکەن مەموندی ئەوەی بە ئەرکی نیشتمانی دەزانێت کە هەولێر ببەستنەوە بە تەواوی وڵاتانی جیهان.
ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پاڵپشتیی لە کۆمپانیا و پرۆژەکانی کەرتی تایبەت دەکەن و دەیانەوێت کەرتی تایبەت سەربکەوێت، پێشی وایە ئەمساڵ هەولێر ڕیکۆردێک لە هاتنی گەشتیاران تۆمار دەکات و ژمارەکان زۆر بەرز دەبنەوە، بۆیە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەوڵی بەردەوام دەبێت بۆ زیادکردنی گەشتەکانی.