داوا لە بایدن دەکرێت لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بکشێتەوە

باڵەخانەی کۆنگرێس- ئەمەریکا
باڵەخانەی کۆنگرێس- ئەمەریکا

ئادەم سمیس، ئەندامی کۆنگرێسی دیموکراتەکان لە ئەمەریکا داوای لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کرد کە جێگەی خۆی بە کاندیدێکی نوێ لە کێبڕکێی سەرکردایەتیدا بدات، ئەمەش لە کاتێکدا ڕەخنە لە ئەدای ئەم دواییەی لە دیبەیتەکەی بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، لێ گیرا.

سمیس، پەیوەندیی بە کۆنگرێسمانە دیموکراتە ئەمەریکییەکانەوە کرد و داوای لێیان کرد، کە داوا لە  بایدن بکەن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکشێتەوە.

ئەوانیش، ئەنجی کرەیگ، لە ویلایەتی مینیسوتا، مایک کویگلی، لە ویلایەتی ئیلینۆیس، لۆید دۆگێت، لە ویلایەتی تەکساس، ڕاول گریهالڤا، لە ویلایەتی ئەریزۆنا و سێس مۆڵتۆن، لە ویلایەتی ماساشوتس.

سمیس، لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاندووە، هەڵەیە ئەگەر سەرۆک  لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام بێت، دەبێت لە ئێستەوە دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین کاندیدێکی نوێ بدۆزینەوە کە ئێمە بخاتە پێگەیەکی بەهێزتر بۆ شکستپێهێنانی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی نۆڤەمبەردا.

لەلایەکی دیکەشەوە، سمیس، کە وەک ئەندامی پلەبەندی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی کردەوە "100%" پشتگیریی لە بایدن دەکات ئەگەر لە کێبڕکێکەدا بمێنێتەوە. بەڵام سەرەڕای ڕەخنەی ناوخۆیی و قسە و باسەکانی مێدیاکانی ئەمەریکا، بایدن، ڕایگەیاند کە دیموکراتەکانی لە کۆنگرێس ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و نیازی نییە بکشێتەوە.

بایدن، متمانەی خۆی بە پاڵپشتیی دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی، سەرەڕای ئەو مشتومڕانەی دوای ئاستە خراپەکەی لە میانی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڕکابەری کۆمارییەکانیدا سەریان هەڵدا.

بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی جۆو بایدن، ببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپی کۆماریخواز پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم پێگەی خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.