12 هاووڵاتیی سووریایی لە بیابانێکی جەزائیردا لە تینوان مردن

14 کەس کە 12ـیان هاووڵاتیی سووریایین، لە بیابانێکی جەزائیر دوای ونکردنی ڕێگە و لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەیان، لە تینوان مردن؛ چارەنووسی پێنجی دیکەشیان نادیارە.
12 هاووڵاتیی سووریایی لەگەڵ دوو کەسی دیکە، لە ناوچەی "زایە فرسیق" لە بیابانی پارێزگای ئیلیزی، لە جەزائیر لە تینووان مردن؛ دوای ئەوەی لەنێو بیابانەکە ڕێگەکەیان ون کرد و ئۆتۆمبێلەکەشیان لە کار کەوت.
بە گوێرەی ئەو لیستەی کۆمەڵەی فریاگوزاری مرۆیی بۆ گەڕان و ڕزگارکردن، بڵاوی کردووەتەوە، تەمەنی قوربانییان لە نێوان 10 بۆ 57 ساڵیدایە، هەموویان لە ڕەگەزی نێرن و تەرمەکانیان بۆ بەشی تەرمخانەی نەخۆشخانەی "بورج عومەر ئیدریس" لە پارێزگای ئیلیزێیی جەزائیر گواستراونەتەوە. کۆمەڵەکە ڕاشیگەیاندووە، چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی سووریایی دیکە نادیارە.
توهامی ئیبراهیم، گوتەبێژی کۆمەڵەی فریاگوزاری مرۆیی بۆ گەڕان و ڕزگارکردن، کە تەرمی قوربانییەکانیان لەنێو بیابانەکەدا دۆزیوتەوە؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییە سووریاییەکان، بەرزی پلەکانی گەرما و نەمانی ئاو، لەوانەیە لە هۆیە سەرەکییەکانی مردنیان بن".
لەلایەکی دیکەوە بەسام فرۆخ، ئەندامی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، ئەو 12 هاووڵاتییە سووریاییە دانیشتووی لیبیا بوون و بە شێوەیەکی "نایاسایی" هاتوونەتە نێو جەزائیر. گوتیشی، هاووڵاتییە سووریاییەکان سێشەممەی ڕابردوو، 02-07-2024، چوونەتە جەزائیر بە مەبەستی دۆزینەوەی کار، ئارامی و سەقامگیریی و، ڕەتیکردەوە، نیازیان کۆچکردن بووبێت بۆ ئەورووپا یان هەر وڵاتێکی دیکە.
ئەندامەکەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی ئەو 12 هاووڵاتییە سوورییە، لە ڕێگەی مانگی سووری جەزائیرییەوە، یەکەم جار دەبردرێنە لوبنان، دواتریش لە لوبنانەوە ڕەوانەی سووریا دەکرێن بە مەبەستی ڕادەستکردنەوەیان بە خێزانەکانیان.