نووسراو و ئیمزای بەرپرسانی عێراق ساختە دەکرێن
دیاردەی ساختەکردنی نووسراو و ئیمزای بەرپرسان لە فەرمانگە حکوومییەکانی بەغدا، تا دێت و زیاد دەکات. دەستەی دەستپاکی عێراقیش لە شەش مانگدا پێنج تۆڕی گەورەی ساختەکاریی لە فەرمانگە حکوومیەکان دەستگیر کردووە.
لە پەڕاوگەیەکی بەغدا، پسوولە و نووسراو بۆ هاووڵاتییان دروست دەکرێت؛ هەر چۆنێک بتەوێت و هەرچی لەسەر بنووسی، وەکو خۆی بۆت چاپ دەکەن، ئەوانەی لەوێ کاردەکەن دەڵێن، کارەکەیان یاساییە و ناتوانن نووسراو ساختە بکەن، بەڵام لە هەندێك جێگەی دیکە مۆر و نووسراو ساختە دەکرێت، کە هەندێکیان نووسراوی وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقن.
هاووڵاتییان دەڵێن، ئەوانەی نووسراوە فەرمییەکان ساختە دەکەن، کەسانی نەناسراون و لەگەڵ کەسانی دەستڕۆشتوو لەنێو وەزارەتەکان کاردەکەن و هەر هاووڵاتییەکیش بیەوێ لە بەرامبەر بڕێک پارە نووسراوەکەی بۆ ساختە دەکەن.
تەها عەلی، خاوەنی پەڕاوگەیەکی بەغدا دەڵێت، "پێشتر لە بازاڕی مورێدی، نووسراو ساختە دەکرا، بەڵام ئێستا نەماوە و ژمارەیەک لە ساختەکاران دەستگیرکران. ئێستا تاڕادەیەک باشە و ئێمەش لێرە کاردەکەین و پەیوەندیمان بەو بابەتەنەوە نییە".
لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاری کراوە، کە تێوەگلاون بە ساختەکردنی نووسراوە فەرمییەکان، هەر کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێت جگە لە سزای زیندانی کردن، سزای پێبژاردنیش بەسەریدا دەسەپێنرێت، بەڵام ئەم سزایانە نەبووەتە هۆی بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە لە فەرمانگە حکوومییەکانی عێراق، ئەمە قسەی پسپۆرێکی یاساییە.
موخەلد حازم، پسپۆری یاسایی ئاماژە بەوە دەدات، "بابەتەکە بۆ تێکدانی دۆخی عێراقە، هەندێک کاربەدەستی حکوومی لە فەرمانگەکان تێوەی گلاون. هەندێک دەستی دیکەشیان لە پشتە، بەڵام دەبێت دادگا ئەم بابەتە چارە بکات".
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، پێنج تۆڕی تایبەت بە ساختەکردنی نووسراو و ئیمزای بەرپرسان لەنێو دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت دەستگیر کراون.